“زیاتر لە دوو ملیۆن و ٧٠٠ هەزار سەردانیكەر هاتوونەتە عێراق”
  2024-08-20       200       

وتەبێژی دەستەی دەروازە سنوورییەكانی عێراق ڕایگەیاند، لە ٦ـی ئاب تا دوێنێ بە مەبەستى بەشداری كردن لە مەراسیمی چلەی ماتەمینى ئیمام حوسێن دوو ملیۆن و ٧١٣ هەزار و ١٥٦ سەردانیكەر لە ڕێگەی ئاسمانی و وشكانییەوە هاتوونەتە عێراق.

ئاوێنه‌: عەلائەدین قەیس وتەبێژی دەستەی دەروازە سنوورییەكانی عێراق سەبارەت بە ژمارەی ئەو سەردانیكەرانەی لە ماوە ١٥ ڕۆژی ڕابردوودا هاتوونەتە عێراق لە ڕاگەیاندراوێكدا ئاماری نوێ دەخاتەڕوو.

عەلائەدین قەیس ڕایگەیاند، بەپێی نوێترین ئامار كۆی ئەو سەردانیكەرە بیانییانەی كە لە ٦ـی ئاب تا ١٩ـی ئاب بۆ یادی مەراسیمی چلەی ماتەمینى ئیمام حوسێن لە ڕێگەی دەروازە سنوورییەكان و ئاسمانییەكانەوە هاتوونەتە عێراق گەشتووەتە دوو ملیۆن و ٧١٣ هەزار و ١٥٦ سەردانیكەر.

ئاماژەی بەوەشكرد، كۆی ژمارەی سەردانیكەرانی ئێرانی گەیشتووەتە دوو ملیۆن و ٥١٠ هەزار و ٤٢١ سەردانیكەر، هاوكات كۆی گشتیی سەردانیكەرانی ئەفغانی گەیشتووەتە ٢٦ هەزار و ٩٤١ سەردانیكەر.

ئەوەشی خستەڕوو، ژمارەی سەردانكەرانی پاكستانی گەیشتووەتە ١٩ هەزار و ٢٤٥ سەردانیكەر، هەروەها ژمارەی سەردانكەرانی ئازەربایجانی گەیشتووەتە نۆ هەزار و ٢٤٠ سەردانیكەر، ژمارەی سەردانیكەرانی نەتەوەكانی دیكەش ١١٧ هەزار و ٨١٩ سەردانیكەر بوون.

لە كۆتایدا وتی، پرۆسەی تۆماركردنی سەردانیكەران زۆر بە ئاسانی لە ڕێگەى وشكانی و ئاسمانی بەڕێوەدەچێت، بەبێ هیچ ئاستەنگ و دواكەوتنێك، سەرەڕای زیادبوونی ژمارەی سەردانیكەران، بەڵام دابینكردنی پێداویستی خۆراك بەردەوامە.

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×