عه‌سائیبى ئه‌هلى حه‌ق: جوڵەپێکردنی حەشدی شەعبی بۆ سنوری گەرمیان بۆ ڕێگریکردن بوە لەبەقاچاغبردنی نەوت
  2024-08-26       1352       

میدیای سەر بەعەسائیبی ئەهلی حەق لەبارەی جوڵەپێکردنی هێزەکانی حەشدی شەعبی بۆ سنوری گەرمیان زانیاریی نوێ ئاشکرادەکات‌و دەڵێت، "بۆ ڕێگریکردن بوە لەبەقاچاغبردنی نەوت".

ئاوێنە: میدیای حەشدی شەعبی باسی لەوەشکردوە، ئەو پرۆسەیە كە لەلایەن هەزاران جەنگاوەرو دەیان ئۆتۆمبێلی سەربازییەوە ئەنجامدراوە، بۆ كۆنتڕۆڵكردنی بیرێكی نەوت بوە كە نەوتی لێوە بەقاچاغ دەبرا بۆ دەرەوە، بۆ ڕێگرتن بوە لەبەقاچاغبردنی ئەو نەوتە.

ڕۆژنامەی عەرەبی جەدید لەڕاپۆرتێکدا باسی لەوەکردوە، لەم ماوەیەی دواییدا، ڕاپۆرتە ناوخۆیی‌و نێودەوڵەتیەكان باسیان لەپرۆسەیەكی زەبەلاحی بەقاچاغبردنی نەوت كردوه‌ لەباكوری عێراقەوە بۆ توركیاو ئێران كە نەوتێكی هەرزان بۆ ئەو دوو وڵاتە دەستبەردەكات.

دەشڵێت، "هێزو كەسایەتیە دەسەڵاتدارەكانی هەرێم قازانجێكی زۆریان دەستدەكەوت لەنەوت، بەوتەی سەرچاوەكان ڕەنگە لەئێستادا ئەو دەستكەوتە كەمبوبێتەوە، بەڵام بەردەوامە، ئەوەش لەسایەی بەقاچاغبردنی نەوت كە هێزە دەسەڵاتدارەكان ئەنجامیدەدەن بەمیلیشیا چەكدارەكانیشەوە".

محەمەد ئیحسان وەزیری پێشوو لەحكومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت:"یەكێتی نیشتمانی كوردستان‌و حەشدی شەعبی ڕێككەوتنیان لەبواری نەوت‌و ئابوریی‌و وێرانكردنی دۆخی كوردستان كردوە، لەسەربنەمای بەرژەوەندیی هەردولایان، ڕێككەوتنەكەش لەبەرزترین ئاستی باڵای هەردولایەن ئەنجامدراوە".

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×