وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی له‌باره‌ی كۆلێرا هۆشداری ده‌دات: داوایه‌ك له‌ هاوڵاتیان ده‌كات
  2024-08-28       196       


وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، کۆلێرا نەخۆشییەکی سەختی سکچونە کە بەهۆی هەوکردنی بەکتریا دروست دەبێت، لە رێگای خواردنی خۆراک یان ئاوی پیس بڵاودەبێتەوە، لەکاتێکدا زۆرێک لەو کەسانەی توشی کۆلێرا دەبن هیچ نیشانەیەکیان بۆ دەرناکەوێت، ده‌شڵێت، ئەگەر هه‌ركه‌سێك هەستی بە نیشانەکانی نەخۆشی کۆلێرا کرد، باشتره‌ دەستبەجێ سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بكات.

ئاوێنه‌: وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا له‌باره‌ی کۆلێرا هۆشداری ده‌دات و باسی له‌وه‌كردوه‌، "کۆلێرا نەخۆشییەکی سەختی سکچونە کە بەهۆی هەوکردنی بەکتریا دروست دەبێت، لە رێگای خواردنی خۆراک یان ئاوی پیس بڵاودەبێتەوە، لەکاتێکدا زۆرێک لەو کەسانەی توشی کۆلێرا دەبن هیچ نیشانەیەکیان بۆ دەرناکەوێت، بەڵام هەندێکی دیكه‌ توشی سکچونی ئاوی توند و وشکبونەوەی لەش دەبن، کە ئەگەر چارەسەر نەکرێت، دەکرێت کوشندە بێت".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، کۆلێرا نەخۆشییەکە کە چارەسەر دەکرێت و دەستنیشانکردنی پێشوەختە زۆر گرنگە بۆ ڕێگریکردن لە ئاڵۆزییەکان. ئەگەر هەستت بە نیشانەکانی نەخۆشی کۆلێرا کرد، دەستبەجێ سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکە، چارەسەرکردن دوا مەخە، چونکە وشکبونی لەش بە خێرایی دەبێتە مەترسی لەسەر ژیان.

نیشانەکانی توشبون به‌ كۆلێرا
- سکچوونی ئاوی توند

- ڕشانەوە

- گرژبونی ماسولکەکان

- وشکبونەوەی لەش (وشکبونەوەی دەم، تینوێتی زۆر، سەرگێژخواردن)

کێ زۆرترین مەترسی لەسەرە؟
ئەو کەسانەی لەو ناوچانە دەژین کە پاکوخاوێنییان خراپە و دەستڕاگەیشتن بە ئاوی پاک سنووردارە، زۆرترین مەترسی توشبونیان بە نەخۆشی کۆلێرا هەیە، هەروەها گەشتیارانی ئەو ناوچانەش مەترسییان لەسەرە و پێویستە ئاگاداری خۆیان بن.

خۆپاراستن:

- زو زو دەستەکانت بە ئاو و سابون بشۆ، بەتایبەت دوای بەکارهێنانی تەوالێت و پێش خواردن.

- تەنها ئاوی پاک بخۆرەوە. ئەگەر دڵنیا نەبویت لە سەرچاوەی ئاوەکە، بەلایەنی کەمەوە بۆ ماوەی یەک خولەک بیکوڵێنە.

- تەنها خواردنی تەواو کوڵاو و گەرم بخۆ.

- پێش خواردنی میوە و سەوزە توێکڵەکەی لێبکەرەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×