” نوور زوهێر خۆی ڕادەست نەكات لە ڕێگەی پۆلیسی ئینتەرپۆلەوە دەیگەڕێنینەوە”
  2024-08-28       374       

دەستەی دەستپاكی عێراق بڵاوی كردەوە، ئەگەر هاوكارانمان نەتوانن تۆمەتبار نوور زوهێر بگەڕێننەوە، ئەوا پۆلیسی ئینتەرپۆل ئاگادار دەكەینەوە و لەڕێگەی ئەوانەوە دەیگەڕێننەوە بۆ عێراق.

ئاوێنه‌: دەستەی دەستپاكی عێراق سەبارەت بە گەڕانەوەی نوور زوهێر تۆمەتباری سەرەكی دزی سەدە بۆ بەغدا لە ڕێگەی پۆلیسی ئینتەرپۆلەوە، ڕاگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە كه‌ تیایدا هاتووە، لەڕێگەی وڵاتانی هاوكارمانەوە هەوڵی گەڕانەوەی نوور زوهێر تۆمەتباری سەرەكی دزی سەدە دەدەین، ئەگەر ئەوان هاوكارمان نەبن، ئەوا پۆلیسی ئینتەرپۆل ئاگادار دەكەینەوە و لەڕێگەی ئەوانە دەیگەڕێنینەوە.

ئاماژە بەوەشكراوە، بەردەوام دەبین لەسەر ڕێكارەكانی گەڕانەوەی پارەی دەستبەسەركراوەكانی تۆمەتبار نوور زوهێر لە ناوخۆ و دەرەوەی عێراق.

ئەوەش خراوەتەڕوو، فەرمانی دەستگیركردن بۆ هەیسەم جبوری ڕاوێژكاری پێشووی سەرۆكوەزیرانی پێشووی عێراق دەرچووە، بە تاوانی و قازانجی نایاسایی.

لە كۆتایی ڕاگەیاندراوەكەدا باس لەوەكراوە، پارەی هەیسەم جبوری بۆ ١٨ ملیار و نیو دینار بەرزبووەتەوە، لەو بڕە پارەیە تەنها ١١ ملیار دیناری گەڕاندووەتەوە و نەیتوانیوە پارەی دیكە بگەڕێتەوە.

جێگای ئاماژەیە، دوێنی دادگای تاوانەكانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بەغدا، بەهۆی ئامادە نوبوونی لە دادگا، فەرمانی دەستگیركردنی بۆ نوور زوهێر تۆمەتباری سەرەكی دزی سەدە دەركرد، ئەمە لەكاتێكدایە، تۆمەتبارەكە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا تووشی ڕووداوی هاتووچۆ بوو لە لوبنان، ئێستا لەژێر چاودێری پزیشكیدایە.

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×