نەبیل مەرسومی: حكومەتی عێراق بەدەست كێشەی داراییەوە دەناڵێنێت
  2024-08-30       219       

نەبیل مەرسومی، شارەزای ئابوریی عێراقی پێی وایە حكومەتی عێراق لە ئێستادا بەدەست كێشەی داراییەوە دەناڵێنێت و ئەوەش وای لێكردوە پەنابەرێتە بەر قەرزی ناوخۆیی و پێشبینیش دەكات لەماوەكانی داهاتودا دۆخەكە خراپتر بێت ئەوەش بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت و پابەندبونی عێراق بە بڕیارەكانی ئۆپیك پڵەسەوە بۆ كەمكردنی بەرهەمهێنانی نەوت.

ئاوێنە: نەبیل مەرسومی، شارەزای ئابوریی عێراقی، ئەمڕۆ هەینی، لە پەیامێكدا لە هەژماری خۆی لە فەیسبوك وتویەتی"بڕیارەكانی ئەم دواییەی حكومەت تایبەت بە هەوڵدان بۆ كۆنترۆڵكردنی سەرچاوە داراییەكانی كۆمپانیا نەوتییەكان و زیادكردنی داهاتە نانەوتییەكان لەڕێگەی بەرزكردنەوەی رسوماتی گومرك لەسەر هەندێك كاڵاو هەوڵدان بۆ بەرزكردنەوەی داهاتی باج، ئاماژەن بۆ ئەوەی كە حكومەت بەڕاستی بە دەست كێشەی داراییەوە دەناڵێنێت، ئەوەش بەهۆی گەشەی گەورەی خەرجییە گشتییەكان كە لەماوەی نیوەی یەكەمی ئەمساڵدا بەراورد بە هەمان ماوە لە ساڵی رابردودا گەیشتۆتەوە لەسەدا 41، ئەوەش لەكاتێكدایە كە گەشەی داهاتەكانی حكومەت لەسەدا 20 تێپەڕ نەبوە."

نەبیل مەرسومی نوسیویەتی"بۆیە حكومەتی عێراق پەنای بردە بەر قەرزكردنی 7 ترلیۆن دینار لە بانكە حكومی و بازرگانییەكان و هەروەها دەركردنی قەواڵەكان بە بەهای 3 ترلیۆن دینار لەپێناو پڕكردنەوەی ئەو كورتهێنانە راستەقینەیەی كە لە بودجەدا هەیەو لە نیوەی یەكەمی ئەمساڵدا بەرزبۆتەوە بۆ 8 ترلیۆن دینار، ئەوەش ئاستی قەرزە ناوخۆییەكانی گەیاندە 86 ترلیۆن دینار."

ئەو شارەزا ئابورییە عێراقییە پێشبینی دەكات "دۆخەكە خراپتر ببێت و داهاتەكانی حكومەت كەمتر ببنەوە ئەوەش لە سایەی دابەزینی بەرچاوی نرخی نەوت و پابەندییەكانی عێراق بە سنوردارییەكانی رێكخراوی ئۆپیك پڵسەوە."

ئەوەشی خسۆتەڕو، لە ئەگەری پابەندبونی عێراق بەبڕیارەكانی ئۆپیك پڵەوەسەوە، دەبێت عێراق ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت دابەزێنێت بۆ 3.850 ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە لە مانگی ئەیلولی داهاتوەوە ئەوەش بۆ قەرەبوكردنەوەی بەرهەمهێنانی زیادەی عێراق لەو پشكەی بەرهەمهێنان كە بۆی دانراوە كە دەبێتە مایەی كەمكردنەوەی هەناردەی نەوتی عێراق بۆ 3.3 ملیۆن بەرمیلی رۆژانە لەكاتێكدا كە ئەو ژمارەیەی لە بودجەدا دانراوە 3.5 ملیۆن بەرمیلی رۆژانەیە بۆ هەناردەكرن.

هەروەك ئاماژەی بەوەشداوە كە هەروەها پابەندبونی عێراق بە بڕیارەكانی ئۆپیك پڵەسەوە وادەكات هاوردەی مشتەقاتە نەوتییەكان زیادبكات لە ئاكامی رەزامەندی لەسەر دابەزاندنی بەكارهێنانی ناوخۆیی لە نەوتی خاو لە 570 هەزار بەرمیلی رۆژانەوە بۆ 500 هەزار بەرمیلی رۆژانە.

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×