توركیا بۆ كه‌وتنه‌خواره‌وه‌ی‌ درۆنه‌كه‌ی‌ له‌ كه‌ركوك، هێڵێكی‌ گه‌رم له‌گه‌ڵ‌ عێراق ده‌كاته‌وه‌
  2024-08-30       899       

سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ ئاگادار رایگه‌یاند كه‌ توركیا دوای كه‌وتنه‌خواره‌وه‌ی‌ فڕۆكه‌یه‌كی‌ بێ فڕۆكه‌وانی‌ له‌ شاری‌ كه‌ركوك، هێڵێكی گه‌رمی له‌گه‌ڵ به‌غدا كرده‌وه‌ بۆ زانینی‌ هۆكاری‌ كه‌وتنه‌خواره‌وه‌ی‌ فڕۆكه‌كه‌ی‌.

ئاوێنه‌: ئه‌مڕۆ هه‌ینی‌ 30ی ئابی 2024 ئاژانسی‌ به‌غداد ئه‌لیه‌وم له‌ زاری‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه‌ كه‌ ناوه‌كه‌ی‌ ئاشكرا نه‌كردووه‌، بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ "ئه‌و درۆنه‌ی‌ توركیا كه‌ دوێنێ له‌ ناوه‌ندی شاری كه‌ركوك كه‌وته‌خواره‌وه‌ له‌ جۆری ئینكا بوو كه‌ نوێترین جۆری‌ درۆنه‌ له‌ جبه‌خانه‌ی ئه‌نقه‌ره‌ و له‌ به‌رزاییه‌كی‌ مامناوه‌نددا ده‌فڕی".

سه‌رچاوه‌كه‌ ده‌ڵێت: "لایه‌نی توركی له‌ كه‌وتنه‌خواره‌وه‌ی‌ ئه‌و درۆنه‌ به‌و ئاسانییه‌ تووشی‌ شۆك بووه‌".

باسی‌ له‌وه‌شكرد كه‌ "ئه‌نقه‌ره‌ هێڵێكی گه‌رمی له‌گه‌ڵ به‌غدا كرده‌وه‌ بۆ زانینی‌ گێڕانه‌وه‌ی‌ فه‌رمی كه‌وتنه‌خواره‌وه‌ی فڕۆكه‌كه‌، ئایا به‌ سیسته‌می به‌رگری‌ پانتسیری روسی خراوه‌ته‌خواره‌وه‌، وه‌ك هه‌ندێك له‌ سه‌ركرده‌ سه‌ربازییه‌كان باسیان كردووه‌، یان به‌هۆی كێشه‌یه‌كی‌ ته‌كنیكییه‌وه‌ بووه‌". 

سه‌رچاوه‌كه‌ ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو كه‌ "كه‌وتنه‌خواره‌وه‌ی درۆنێكی‌ له‌و شێوه‌یه‌ كه‌ ئه‌نقه‌ره‌ به‌هۆی تواناكانی له‌ سیخوڕی و ئاراسته‌كردنی گورزه‌وه‌ شانازی پێوه‌ ده‌كات، پێویستی‌ به‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌ له‌سه‌ر ئاستی‌ دامه‌زراوه‌ سه‌ربازییه‌كانی‌ توركیا تا ورده‌كاری‌ رووداوه‌كه‌ بزانن".

ئاشكراشیكرد كه‌ "توركیا له‌ دۆسێی‌ كه‌وتنه‌خواره‌وه‌ درۆنه‌كه‌ی‌ له‌ كه‌ركوك نایه‌وێت دۆخه‌كه‌ له‌گه‌ڵ‌ عێراق ئاڵۆز بكات، به‌ڵام ده‌یه‌وێت راستی رووداوه‌كه‌ بزانێت".

سه‌رچاوه‌كه‌ راشیگه‌یاند كه‌ "ره‌نگه‌ روداوه‌كه‌ی كه‌ركوك هێڵی سوور بۆ چالاكییه‌كانی درۆنه‌كانی توركیا له‌ ئاسمانی عێراق به‌ گشتی، به‌تایبه‌تی له‌ شار و ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی‌ حكومه‌تی‌ ناوه‌ندیدا دابنێ".

به‌یانی رۆژی‌ پێنجشه‌ممه‌ 29ی‌ ئابی‌ 2024 له‌ گه‌ڕه‌كی تسعینی شاری كه‌ركوك فڕۆكه‌یه‌كی بێ فڕۆكه‌وان كه‌وته‌ خواره‌وه‌ و فەرماندەی ئۆپراسیۆنەکانی کەرکوکیش رایگەیاند كه‌ درۆنەکە ئاسمانی عێراقی بەزاندبوو و لەلایەن هێزەکانییانەوە خراوەتەخوارەوە.

سەرچاوەیەکی ئەمنی له‌ شاری کەرکوک به‌ وێستگه‌نیوزی وت كه‌ "ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانەی لەکەرکوک خراوه‌تە خوارەوە لەو فڕۆکانەن کە لەتورکیا دروستدەکرێت."

هاوكات فەرماندەی ئۆپراسیۆنەکانی کەرکوک رایگەیاند: فڕۆكه‌ بێ فڕۆكه‌وانه‌كه‌ ئاسمانی عێراقی بەزاندبوو و لەلایەن هێزەکانییانەوە خراوەتەخوارەوە.
 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×