باوکی لە شەڕه‌كه‌دا کوژراوه‌؛ وەزیرێکی ئێران کاریگەری سەردانەکەی بۆ عێراق ئاشکرا دەکات
  2024-09-15       719       


فەرزانە سدیق، وەزیری ڕێگاوبان و گەشەپێدانی ئێران كه‌ باوكی له‌ شه‌ڕی ئێران- عێراق كوژراوه‌، باسی سه‌ردانه‌كه‌ی ده‌كات بۆ عێراق له‌ چوارچێوه‌ی شاندی سه‌رۆك كۆماری وڵاته‌كه‌ی، ده‌ڵێت، له‌ به‌غدا "هەمو ئەوانەی لەبەردەممان وەستابون، بە شانازییەوە باسی دەسەڵات و شەرەفی ئێرانیان دەکرد".

ئاوێنه‌: رۆژانی 11 و 12ی ئه‌م مانگه‌، شاندێكی كۆماری ئیسلامی ئێران به‌ سه‌رۆكایه‌تی مه‌سعود پزیشكیان، سه‌رۆك كۆماری ئه‌و وڵاته‌ گه‌یشته‌ به‌غدا و دواتر سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستانی كرد، یه‌كێك له‌ ئه‌ندامانی شانده‌ باڵاكه‌ فەرزانە سدیق بو، كه‌ یه‌كێكه‌ له‌و كه‌سانه‌ی باوكی له‌ شه‌ڕی هه‌شت ساڵه‌ی نێوان ئێران- عێراقدا كوژراوه‌.

فەرزانە سدیق، وەزیری ڕێگاوبان و گەشەپێدانی ئێران له‌باره‌ی سه‌ردانه‌كه‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت، "ئێستا هەمو ناوچەکانی ئەو وڵاتە دان بە دەسەڵاتی ئێراندا دەنێن".

وەزیرەکە ئەوەشی خستەڕو، "ئەم گه‌شته‌ بۆ من مانایەکی زۆر قوڵتری هەبو بەهۆی لەدەستدانی باوکم لە شەڕی عێراقدا".

ئاماژەی بەوەشکردوە، "لە هەمو پارێزگاکاندا عێراق کاتێک ئێمە لەوێ بوین، هەمو ئەوانەی لەبەردەممان وەستابون، بە شانازییەوە باسی دەسەڵات و شەرەفی ئێرانیان دەکرد".

فه‌رزانه‌ سادق ساڵی 1976 لەدایکبوە و ئه‌ندازیاره‌، له‌ كابینه‌ی نوێی مه‌سعود پزیشكیان به‌ وه‌زیری ڕێگاوبان و گەشەپێدانی شارسازیی هه‌ڵبژێردراوه‌، دوای ئه‌وه‌ی پزیشكیان دیاریكرد و له‌لایه‌ن عه‌لی خامنه‌یی، رێبه‌ری باڵا ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر ده‌بڕی و دواتر په‌رله‌مان ده‌نگیدا.

فه‌رزانه‌ سادق هەڵگری بڕوانامەی ماستەره‌ لە تەلارسازی لە زانکۆی تاران و بڕوانامەی دکتۆرا لە پلاندانانی شار لە زانکۆی ئیسلامی ئازاد، لە ساڵی 2001 وەک شارەزا لە فەرمانگەی ئەندازیاری تەلارسازیی وەزارەتی نیشتەجێکردن دەستی بە چالاکییەکانی کردوە دوای ئەوە جێگر بوە لە فەرمانگەی پڕۆژەکان و گەشەپێدانی شارەکان لە پارێزگای هەمەدان، هەروەها سەرپەرشتیاری نۆژەنکردنەوەی پێکهاتە تەلارسازییە کۆنەکانی شارەکە بوە.

فەرزانە سادق هاوسەرگیری کردوە و خاوه‌نی منداڵێكه‌، لە 21ی (ئاب/8)ی 2024 وەک یەکەمین ژنە وەزیر لە کابینەکەی پزیشکیان دەستبەکاربوه‌، ماوه‌ی دو رۆژه‌ له‌گه‌ڵ شانده‌كه‌ی پزیشكیان هاتوه‌ته‌ عێراق، له‌ كۆبونه‌وه‌كانی به‌غدا، هه‌ولێر و سلێمانی به‌شداری كۆبونه‌وه‌كانی كرد.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×