كۆمسیۆن: هه‌فته‌ی داهاتوو واده‌ی ده‌ستپێكردنی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن دیاریده‌كرێت
  2024-09-19       322       

كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌ڵێت، "هه‌فته‌ی داهاتوو واده‌ی ده‌ستپێكردنی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن دیاریده‌كرێت" و ده‌نگده‌ران دڵنیاده‌كاته‌وه‌ له‌وه‌ی كه‌ "هیچ كه‌س و لایه‌نێك نازانێت ده‌نگی به‌ كێ داوه‌ و پرۆسه‌كه‌ به‌ نهێنیی ده‌بێت، هه‌ر كه‌سێكیش ئه‌و كاره‌ بكات به‌ زیندانیكردن و پێبژاردنی دارایی سزاده‌درێت".

ئاوێنە: جومانه‌ غه‌لای وته‌بێژی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق ئاشكرایكرد، هه‌فته‌ی داهاتوو ئه‌نجومه‌نی كۆمسیاران ناوی كاندیده‌كانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان په‌سه‌ند ده‌كات و له‌ هه‌مان كۆبوونه‌وه‌دا واده‌ی ده‌ستپێكردنی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن دیاریده‌كات.

وتیشی، "كۆمسیۆن ده‌نگده‌ران دڵنیاده‌كاته‌وه‌ كه‌ هیچ كه‌س و لایه‌نێك نازانێت ده‌نگی به‌ كێ داوه‌ و پرۆسه‌ی ده‌نگدان به‌ نهێنیی ده‌بێت و كه‌س نازانێت ده‌نگده‌ر ده‌نگی به‌ كێ داوه‌، چونكه‌ ناوی ده‌نگده‌ر له‌سه‌ر كارتی ده‌نگدان نییه‌".

ئاماژەی بەوەشدا، "به‌پێی یاسای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان  ژماره‌ یه‌كی ساڵی 1992ـی هه‌مواركراو، كۆمسیۆن ڕێوشوێنی یاسایی ده‌گرێته‌به‌ر به‌رامبه‌ر به‌ هه‌ر حزب و كۆمه‌ڵه‌ و ڕێكخراو و كه‌س و لایه‌نێك، كه‌ به‌ هه‌ر شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان فشار بخاته‌سه‌ر ده‌نگده‌ر یان بیترسێنێت یان به‌ خیانه‌تكردن تۆمه‌تباری بكات".

وته‌بێژی كۆمسیۆن له‌باره‌ی سزاكانه‌وه‌ ده‌ڵێت، له‌ دۆخی فشارخستنه‌سه‌ر ده‌نگده‌ر یان ترساندن یان به‌ خائین ناوبردنی، "ئه‌و لایه‌نه‌ سیاسییه‌ بێبه‌شده‌كرێت له‌ هه‌موو ئه‌و ده‌نگانه‌ی له‌و ناوه‌نده‌ی ده‌نگدان به‌ده‌ستیهێناون و ئه‌و كه‌سه‌شی كه‌ ئه‌و ڕه‌فتاره‌ به‌رامبه‌ر به‌ ده‌نگده‌ر ده‌نوێنێت، به‌ زیندانیكردن و سزای دارایی كه‌ بڕه‌كه‌ی له‌ 10 ملیۆن دینار كه‌متر نییه‌ و له‌ 25 ملیۆن دینار زیاتر نییه‌، سزاده‌درێت".

جه‌ختیشیكرده‌وه‌ كه‌ "به‌پێی بڕگه‌ی شه‌شه‌می ماده‌ی 12ـی یاسای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ تاوانه‌كانی هه‌ڵبژاردن، هه‌ر كه‌سێك تاوانی هه‌ڵبژاردن ئه‌نجامبدات، هاوشێوه‌ی ئه‌نجامدانی تاوانی ته‌واو سزاده‌درێت، له‌و سۆنگه‌یه‌وه‌ كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان ڕێوشوێنی یاسایی ده‌گرێته‌به‌ر به‌رامبه‌ر به‌ هه‌ر لایه‌نێك كه‌ ده‌نگده‌ر ناچار به‌ دیاریكردنی ئازادییه‌كه‌ی بكات و ده‌نگ به‌ لایه‌ن و كه‌سێكی دیاریكراو بدات".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×