ئا: ئاوێنە - BBC
ماوەی زیاتر لەساڵێکە سەربازانی ئیسرائیل لەغەزە ماڵ بەماڵ بەدوای یەحیا سەنواری سەرکردەی حەماسدا دەگەڕێن.
سەنواری تەمەن ٦١ ساڵ، دوای هێرشەکەی ٧ی ئۆکتۆبەر لەغەزە خۆی دیار نەما.
دەگوترێ بەشێکی زۆری ژیانی ئەمساڵی لەحەشارگەدا بەسەربردووە لەگەڵ پاسەوانەکانی لەتونێلەکانی حەماس کە لەژێر زەویدان، بەشێک لەڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن بارمتەکان لەناو ئەم تونێلانەدا ڕاگیراون بۆ ئەوەی وەک قەڵغانی مرۆیی مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت بەمەبەستی ڕێگریکردن لەهێرشکردنە سەر سەرکردەکانی حەماس.
بەڵام پێدەچێت لەکۆتاییدا بەڕێکەوت لەڕووبەڕووبوونەوەیەکدا ڵەلەگەڵ هێزەکانی ئیسرائیل لەباشووری غەزە کوژرابێت. سەنوار پاسەوانی زۆری نەبووەو نەهیچ بارمتەیەکیشی لەدەور بووە.
سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، ڕۆژی چوارشەممە، یەکەیەکی لیوای 828ی بیسەلماخ لەشاری ڕەفەح بەگەڕەکی تەل سوڵتاندا گەڕاوە، لەو کاتەدا تووشی سێ چەکدار بوونە پێکدادان لەنێوانیاندا روویداوەو دوای ئاڵوگۆڕی تەقو تۆق، هەرسێکیان کوژاون.
بەپێی لێدوانی سوپای ئیسرائیل لەو کاتەدا هیچ شتێک لەم شەڕەدا سەرنجی سەربازەکانی بۆ لای خۆی ڕانەکێشاوە. لەڕاستیدا سەربازەکان دواتر لەڕۆژی پێنجشەممە کە گەڕاونەتەوە شوێنی شەڕەکەو پشکنینیان بۆ لاشە مردووەکان کردووە، بۆیان دەرکەوتووە یەکێکیان زۆر لەیەحیا سەنوار دەچێت.
تا ئەو کاتە بەهۆی گومانی بوونی تەڵەی تەقینەوە، تەرمی مردووەکانیان نەجوڵاندوەو تەنیا پەنجەیەکی ئەو کەسەیان بڕیوە کە زۆر لەیەحیا سەنوار چووەو بەمەبەستی ناسینەوەی ڕەوانەی ئیسرائیلیان کرد.
درەنگانی ڕۆژی پێنجشەممە، دوای ئەوەی ڕێوشوێنی ئەمنی لەو شوێنە گیراوەتەبەر، تەرمەکەیشی گواستراوەتەوە بۆ ئیسرائیل.
دانیال هێگاری، وتەبێژی سوپای ئیسرائیل دەڵێت، هێزەکانی ئەم وڵاتە ئاگادار نەبوون لەبوونی یەحیا سەنوار لەو ناوچەیەداو تەنیا سەرقاڵی ئۆپەراسیۆنەکانیان بوون.
بەوتەی ناوبراو، ئەو هێزانە رووبەڕووی سێ چەکدار بوونەتەوە کە ماڵەوەو ماڵیان کردووەو دەستیان کردووە بەتەقەکردنو زۆری نەخایاندووە سێ چەکدارەکە لەیەک جیابوونەتەوە.
ئەو کەسەیان کە دواتر دەرکەوت سەنوارە، "بەتەنیا دەچێتە ناو باڵەخانەیەکەوە"و دوای ئەوەی بەفڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان دەناسرێتەوە، بەهۆی گولەتۆپی تانکێکەوە دەکوژرێت.
هیچ بارمتەیە لەوانەی کە دەوترێت وەک "قەڵغانی مرۆیی" بەکاردەهێنرێن، لەگەڵیدا نەبووە. وا دیارە ویستویەتی لەکاتی هاتو چوونیدا خۆی لەسەرنجڕاکێشان بەدوور بگرێت یاخود زۆرێک لەپاسەوانەکانی لەدەستداوە.
یۆاڤ گالانت، وەزیری بەرگری ئیسرائیل دەڵێت "سەنوار لەکاتی هەڵاتنو تێکشکاندا مرد، نەک وەک فەرماندەیەک، بەڵکو وەک کەسێک کە تەنها بایەخی بەخۆی دەدا، ئەمە پەیامێکی ڕوونە بۆ هەموو دوژمنەکانمان".
ئیسرائیل یەکەمجار ڕایگەیاند کە لێکۆڵینەوە لەئەگەری کوژرانی یەحیا سەنوار لە غەزە دەکات. لەماوەی چەند خولەکێکدا دوای ڕاگەیاندنی ئەم هەواڵە، چەند وێنەیەک لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرایەوە کە تەرمی کەسێک بوو زۆر لەیەحیا سەنوار، سەرکردەی بزووتنەوەی حەماس، دەچوو، بەسەختی سەری بریندار دەردەکەوت. وێنەکانی ئەم تەرمە زۆر شۆکهێنەر بوون.
بەڵام بەرپرسانی ئیسرائیل ڕایانگەیاندووە کە "لەم کاتەدا ناسنامەی هیچ کام لەو سێ کەسەی لەتەل سوڵتان کوژراون پشتڕاست نەکراوەتەوە".
کەمێک دواتر سەرچاوەیەکی ئیسرائیلی بەبی بی سییان ڕاگەیاند سەرکردەکانی وڵاتەکەیان "زۆر دڵنیان" سەنواریان کوشتووە، بەڵام پێویستە هەموو پشکنینە پێویستەکان ئەنجامبدرێت پێش ئەوەی بەدڵنیاییەوە مردنی سەرکردەی حەماس پشتڕاست بکرێتەوە.
زۆری نەخایاند تا وەڵامی ئەم پشکنینانە دەرکەوت. شەوی پێنجشەممە ئیسرائیل ڕایگەیاند کە ئەم پشکنینانە تەواو بوونو کوژرانی سەنوار پشتڕاست کرایەوە.
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، "شەیتان" شکستی هێنا، بەڵام هۆشداریدا لەوەی هێشتا شەڕی ئیسرائیل لەغەزە کۆتایی نەهاتووە.
سوپای ئیسرائیل ڕایدەگەیەنێت، ئەو ناوچانەی سەنوار تێیدا ئامادە بووە، بە پشتبەستن بەو زانیاریانەی لەبەردەستدایە، بۆ ماوەی چەند هەفتەیەکی یەک لەدوای یەک لەلایەن هێزە سەربازییەکانی وڵاتەکەیانەوە گەڕانو پشکنینی بۆ کراوە.
لەسەر بنەمای ئەمەش هێزەکانی ئیسرائیل لەباشووری ڕەفەح بازنەی خۆیان لەدەوری سەنوار توندتر کردبووەوەو هێواش هێواش لەدەستگیرکردنی نزیک دەبوونەوە.
زیاتر لەساڵێک بوو سەنوار لەگەڵ هێزەکانی ئیسرائیل شەڕو هەڵاتندا بوو. بێگومان بەکوشتنی سەرکردەکانی تری حەماس وەک محەمەد زەیفو ئیسماعیل هەنیە هەستی بەزیادبوونی فشارەکانیش دەکرد.
لە بەیاننامەکەی سوپای ئیسرائیلدا هاتووە لەچەند هەفتەی ڕابردوودا، بەئۆپەراسیۆنەکانیان لەباشووری غەزە، جموجۆڵەکانی یەحیا سەنواریان سنووردار کردبۆوەو بەدواداچوونەکانیان لەلایەن سەربازە ئیسرائیلییەکانەوە سەرەنجام بووە هۆی کوشتنی سەرکردەی بزوتنەوەی حەماس.
کوشتنی یەحیا سەنوار ئامانجێکی سەرەکی بوو بۆ ئیسرائیل. ڕاستەوخۆ دوای هێرشەکەی ٧ی ئۆکتۆبەر، ئەم وڵاتە نیازی خۆی بۆ کوشتنی سەنوار ڕاگەیاند. بەڵام کۆتایی هاتنی سەنوار بەمانای کۆتایی هاتنی شەڕی غەزە نییە.
هەرچەندە نەتانیاهۆ دەڵێت "حسابەکانی یەکلاییکردوەتەوە"، بەڵام پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە شەڕەکە بەردەوام دەبێت، لانیکەم تا ئەو ١٠١ بارمتەیەی لەدەستی حەماسدا ماون، ئازاد دەکرێن: "بەبنەماڵەی ئازیزی بارمتەکان دەڵێم: ئەمە ساتەوەختێکی گرنگە لەم جەنگەدا، ئێمە بەهەموو هێزمانەوە لەسەر جەنگ بەردەوام دەبین تا هەموو ئازیزانتان ئازاد دەبنو دەگەڕێنەوە ماڵەوە".
لەئیسرائیل بنەماڵەی بارمتەکان دەڵێن "هیوادارن کە هەر ئێستا ڕێککەوتنێک بکرێت بۆ ئەوەی بارمتەکان بگەڕێنەوە ماڵەکانیان".