عەلی باپیر: تەواو بەرچاومان رۆشن بوو كە ساختەكاری زۆر كراوە
  2024-11-01       483       


عەلی باپیر سەرۆكی كۆمەڵی دادگەری كوردستان دەڵێت: "تەواو بەرچاومان رۆشن بوو كە ساختەكاری زۆر كراوە بە قازانجی دەسەڵات و حوكمڕانەكان و بە قازانجی هەندێك كەس كە وابەستەو دابەستەی حوكمڕانەكانن."

ئاوێنه‌: عەلی باپیر لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ كەناڵی پەیامدا رایدەگەیەنێت،"بۆمان دەركەوت پرۆسەی هەڵبژاردن لەدەرەوەی هەرێمەوە دیزایین كراوە لە قازانجی ئەوەی ئەم دۆخە وەك خۆی بمێنێتەوە، ئێمە چاوەڕێمان دەكرد كورسیەكانمان بگاتە 10 كورسی، وەك برایانی یەكگرتوو 5 كورسی بوو كردیان بە 7."

ئاماژەی بەوەشکردووە، "بەتەواوی بۆمان دەركەوت ئەم هەڵبژاردن دەستی دەرەكی تێكراوە بە قازانجی هێزەكانی ناوخۆ بە قازانجی حوكمڕانان و هەندێك كەس كە لەپەنای حوكمڕانان با بانگەشەی ئۆپۆزسیۆنیش بكات، داخۆ ئەوان سەریان لە چییەوە دەردەچێت."

دەشڵێت: "ئەو هەڵوێستەمان بریتییە لە بەرگریكردن لە ئیرادەو ئازادی و دەنگی راستەقینەی خەڵك، ئێمە پەلەمان نەكردووە لە بڕیاری نەچوونە پەرلەمان عەلی حەمەساڵح، كاك لاهوور و مامۆستا سەڵاحەدین هاتن، پێمان وابوو ئەوان بەو دەم و دەستەی ئێمە پێیان ناكرێت، بۆیە ئێمە بڕیارمان داو چاوەڕوانیش دەكەین ئەوانیش وەك ئێمە بڕیار بدەن. "

سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری پێی وایە ژمارەی دەنگەکان راست نییە و دەڵێت: "مەعقوڵ نییە حوكمڕانانی گەندەڵ بەو هەموو ستەم و گەندەڵیەوە دەنگەكانیان زیاد بكەن، ئێمە كە لەبەرەی خەڵكدابووین بەو هەموو خزمەتەوە، ئێمە كەم بكەین و هەندێك كەسیش لەپەنای دەسەڵاتی گەندەڵدا كە شەریكە دزە لەگەڵ حوكمڕانان زیاد بكات. "

ئاشکراشیدەکات، "هیچ كەس نەهاتووە موعامەلە لەگەڵ ئێمە بكات، چونكە لێیان رانەبینیوین، بەڵام خەڵكی دیكە معامەلەی لەگەڵ كراوە وتراویشە ئەو ئەوەندەی دەدەینێ و ئەو ئەوەندەی نادەینێ."

دووپاتیشیدەکاتەوە کە، "ئەوەی كۆمسیۆن دەیڵێ خەڵكی هەمووی دەزانێ درۆ دەكات ئەو بەرپرسانەی دەڵێن ئەم هەڵبژاردنە رای راستەقینەی خەڵكی كوردستان درۆیەكی شاخدارە؛ عەیبە كەسێك قسەی وا بكات."

هەروەها باس لەوە دەکات، بڕیاری کشانەوەیان لە حکومەت کارێکی دروستە و "هەڵوێستێكی جوامێرانە و داهێنەرانەمان ناوە، لە نەچوونە پەرلەمان، دوور نیە خەڵكی دیكەشی بەدوادا بێت."

جەخت لەوەش دەکاتەوە کە "بە هەموو لایەكی رادەگەیەنین ئێمە لە پەرلەمانێكی ساختەدا نابین و بە شایستەی خۆمانی نازانین."

لە کۆتاییشدا دەڵێت: هەندێك كەس هەر قۆڵبڕینی هەبووە بۆ خەڵك كەچی دەنگی زیاد بووە كە ئێمە دەزانین چۆن دەنگی زیاد بووە، من ئاگادارم ؛ ئێمە خۆش باوەڕبووین بە كۆمسیۆن كە كۆمسیۆن راستی نەكرد، دوایش خەڵكی درۆی كۆمسیۆنی زیاتر بۆ دەردەكەوێت."
 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×