تورکیا ئەنجومەنێكی چوارقۆڵی لەگەڵ عێراق و دوو وڵاتی زلهێز پێکهێنا
  2024-11-02       756       

بۆ بەستنەوەی پڕۆژەی "رێگای گەشە" بە ئەوروپاوە، تورکیا ئەنجومەنێکی چوارقۆڵی کە پێکهاتوون لە عێراق و هەنگاریا و بولگاریا دروستکرد.

 

ئاوێنە: رەزاق محێبس، وەزیری گەیاندنی عێراق رایگەیاند "بەمەبەستی ئامادەكاری بۆ بەستنەوەی پرۆژەی (رێگای گەشە) بە ئەوروپاوە، توركیا ئەنجومەنێكی چوارقۆڵی پێكهێناوە لەگەڵ عێراق و هەنگاریاو بولگاریا"، وتیشی "دەرگا كراوەیە بەڕووی هەر دەوڵەتێكدا كە بیەوێت بێتە ناو پرۆژەی (رێگای گەشە)وە".

ناوبراو ئاماژە بە دیزاینی پڕۆژەکە دەکات و باس لەوە دەکات، کە دیزاینی بەرایی رێگای ئاسن لەناو پرۆژەی (رێگای گەشە)دا گەیشتوەتە ئاستی 100%و وەزارەتەكەمان دەستی بە دیزاینی كۆتایی كردووە، هەروەها رێژەی 84%ی دیزاینی بەرایی رێگای خێرای پرۆژەكە تەواو بووە.

هاوکات رێژەی 100%ی (feasibility study)ی پرۆژەكە تەواو بووە و پشكنینی بۆ روبەری زیاتر لە هەزار كیلۆمەتر خاك كراوە.وەزیری گەیاندنی عێراق ئەوەشی خستە روو "گفتوگۆو لێكۆڵینەوەكانی داهاتوو نەخشەرێگای سیستماتیكی پرۆژەكە پێدەگەیەنێت، كە وێستگەی یەكەمی بە بەندەری فاو دەستپێدەكات و بە دڵی زیندووی رێگای گەشە دادەنرێت و كاركردن لە پێنج ناوچەی بەندەرەكە بەرێژەی 100% تەواو بووەو ئاستی كاركردن لە بەشەكانی تری بەندەرەكە گەیشتووەتە ٪٧٥".

لە درێژەی وتەکانیدا رەزاق محێبس ئەوەشی وت "وێستگەیەكی تری پرۆژەكە بەستنەوەیەتی بە توركیاوە تا دەگاتە ئەوروپا، كە لایەنی توركی بابەخێكی گەورەی بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەكە نیشانداوە و ئەنجومەنی چوارقۆڵی دروستكردووە بۆ بەستنەوەی بە توركیاوە".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×