دیموكرات‌و كۆمارییه‌كان.. پێشبڕكێی‌ فیل‌و گوێدرێژ
  2024-11-03       580       

ئا: ئاوێنە

 

گوێدرێژو فیل

لەکێبڕکێی ھەڵبژاردنی ئەمەریکادا، هەمیشە وێنەی دو ئاژەڵ ھەمیشە دەردەکەوێت: گوێدرێژو فیل. مێژووی سەرهەڵدانی دوو رەمزە جگە لەڕەنگەکانی شین‌و سور، دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٨٢٨، کەململانێ‌و بانگەشەی هەڵبژاردن لەنێوان ئەندرۆ جاکسنی دیموکرات‌و جۆن کوێنسی ئادەمسی کۆمارییەکان گەرم بوو.

دیموکراتەکان پاڵێوراوی کۆمارییەکانیان بەکەسێکی بەدڕەوشت لەقەڵەم دەدا. لەبەرامبەریشدا کۆمارییەکان ئەندرۆ جاکسن-یان بەگوێدرێژ ناوبردو وەک گاڵتەپێکردنی. دەیانگوت  جاکسن (جاکئاسە) واتا جاشە. لەوەڵامدا جاکسن لەبری ئەوەی ئەو ھێمایە بەنەرینێ وەربگرێت کردی بەشتێکی پۆزتیڤانەو لەھەڵمەتەکەی خۆیدا بەکاریھێنا.

لەساڵی ١٨٧٤ ئەمجا فیل کەوتە نێو ئەدەبیاتی سیاسی ئەمەریکا، ئەمەش وەک سیمبوڵێکی کۆمارییەکان، لەو کاتەوە دیموکراتەکان شانازی بەسیمبۆڵی خۆیان دەکەن وەک ئاژەڵێکی ژیر، پشودرێژو خزمەتکار. کۆمارییەکانیش شانازی بەسیمبوڵی خۆیان دەکەن وەکو ئاژەڵێکی بەھێزو بەڕێز.


 حیزیی‌ دیموكرات

ساڵی‌ 1792، تۆماس جیفرسۆن كه‌ یه‌كێك بوو له‌باوكانی‌ دامه‌زرێنه‌ر، بناغه‌ی‌ حیزیی‌ دیموكراتی‌ دامه‌زراند كاتێك فراكسیۆنێكی‌ له‌كۆنگرێسدا پێكهێنا به‌مه‌به‌ستی‌ داكۆكیكردن له‌جاڕنامه‌ی‌ مافه‌كان. دواتر ئه‌م  فراكسیۆنه‌ بوو به‌"حیزبی‌ كۆماریخوازی‌ دیموكرات". ئه‌م حیزبه‌ له‌هه‌ڵبژاردنی‌ تۆماس جیفرسۆنه‌وه‌ به‌سه‌رۆك له‌ساڵی‌ 1800دا، تا هه‌ڵبژاردنی‌ "ئیبراهام لنكۆڵن" بۆ ماوه‌ی‌ شه‌ست ساڵ‌ حوكمی‌ ئه‌مه‌ریكای‌ كرد، له‌ساڵی‌ 1848یشدا به‌فه‌رمی‌ ناوه‌كه‌ی‌ گۆڕا به‌"حیزبی‌ دیموكرات".
حیزبی‌ دیموكرات له‌جه‌نگی‌ ناوخۆی‌ ئه‌و وڵاته‌دا لایه‌نگری‌ ویلایه‌ته‌كانی‌ باشور‌و هێشتنه‌وه‌ی‌ كۆیلایه‌تی‌ بوو، كه‌ له‌و جه‌نگه‌شدا تێكشكا بۆ ماوه‌ی‌ شه‌ست ساڵ‌ له‌ده‌سه‌ڵات‌و ئیداره‌كردنی‌ ئه‌مه‌ریكا دوور كه‌وته‌وه‌، به‌ڵام دواتر توانییان له‌چوار قۆناغی‌ هه‌ستیاری‌ نیوه‌ی‌ یه‌كه‌می‌ سه‌ده‌ی‌ بیسته‌مدا، سه‌ركردایه‌تی‌ ئه‌مه‌ریكا بكه‌ن رووه‌و سه‌ركه‌وتن: له‌جه‌نگی‌ یه‌كه‌می‌ جیهانی‌، له‌قه‌یرانی‌ ئابوری‌ ده‌یه‌ی‌ 1930، له‌جه‌نگی‌ دووه‌كی‌ جیهانی‌‌و له‌داڕشتنی‌ سیاسه‌تێكی‌ تۆكمه‌دا له‌سه‌ره‌تای‌ هه‌ڵگیرسانی‌ جه‌نگی‌ سارددا.
ماوه‌ی چوار ساڵه‌ سه‌رۆکایه‌تی ئه‌مه‌ریکا به‌ده‌ست حیزبی دیموکراته‌وه‌یه‌، که‌ زۆرێک له‌کۆماریخوازه‌کان ره‌خنه‌ی ئه‌وه‌ی لێده‌گرن پێگه‌ی ئه‌مه‌ریکایان له‌ئاستی جیهاندا لاواز کردووه‌.
فرانكلین رۆزفیلت، ترومان، كه‌نه‌دی‌، كارته‌ر، كلینتۆن‌و ئۆباما به‌ناوبانگترین سه‌رۆكه‌كانی‌ سه‌ر به‌حیزبی‌ دیموكراتن كه‌ "گوێدرێژ"یان كردووه‌ به‌ ره‌مز‌و لۆگۆی‌ خۆیان.

 

حیزبی کۆماری

کۆمارییەکان، حیزبه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ی‌ دیكه‌ی‌ ئه‌مه‌ریكایه‌، كه‌ له‌سایه‌ی‌ كه‌شی‌ پڕ له‌ململانێی‌ نێوان هه‌وادارانی‌ ره‌تكردنه‌وه‌ی‌ سیسته‌می‌ كۆیلایه‌تی‌‌و لایه‌نگرانی‌ كۆیلایه‌تیدا دامه‌زرا. ساڵی‌ 1854، ژماره‌یه‌ك له‌لایه‌نگرانی‌ سه‌رسه‌ختی‌ ره‌تكردنه‌وه‌ی‌ كۆیلایه‌تی‌ له‌ویلایه‌تی‌ میشیگان دامه‌زراندنی‌ حیزبی‌ كۆمارییان راگه‌یاند. ناوی‌ كۆماریخواز له‌وشه‌ی‌ یه‌كه‌می‌ حیزبی‌ كۆماریخوازی‌ دیموكراته‌وه‌ هاتبوو كه‌ له‌سه‌ره‌تای‌ سه‌ده‌ی‌ نۆزده‌هه‌مدا له‌لایه‌ن تۆماس جیفرسۆنه‌وه‌ دامه‌زرابوو. دامه‌زرێنه‌رانی‌ ئه‌م حیزبه‌ پێیانوابوو كه‌ رابه‌رانی‌ حیزبی‌ دیموكرات له‌ئامانجه‌كانی‌ جیفرسۆن دووركه‌وتونه‌ته‌وه‌‌و به‌هۆی‌ پشتیوانی‌ كردنیانه‌وه‌ له‌كۆیلایه‌تی‌ پره‌نسیپی‌ كۆمارییان پێشێل كردووه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ ناوی‌ "كۆماری"یان هه‌ڵبژارد به‌و پێیه‌ی‌ درێژه‌ به‌ڕێگه‌ی‌ جیفرسۆن ده‌ده‌ن.
دوای‌ تێپه‌ڕینی‌ پێنج ساڵ‌ به‌سه‌ر دامه‌زراندنیدا، ئه‌براهام لیكۆڵن كاندیدی‌ ئه‌م حیزبه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ ئه‌مه‌ریكا له‌1860دا هه‌ڵبژاردنی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ برده‌وه‌و سه‌رده‌می‌ 50 ساڵه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ كۆماریخوازه‌كان ده‌ستیپێكرد.
له‌ساڵی‌ 1861دا، لینكۆڵن سه‌ركردایه‌تی‌ ویلایه‌ته‌كانی‌ باكوری‌ كرد له‌جه‌نگی‌ ناوخۆدا دژ به‌ویلایه‌ته‌كانی‌ باشور كه‌ خوازیاری‌ درێژه‌دان به‌كۆیلایه‌تی‌ بوون‌و سه‌ره‌نجام سه‌ركه‌وتن‌و له‌سایه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ ئه‌واندا ئه‌مه‌ریكا بوو به‌یه‌كێك له‌زلهێزه‌ ئابورییه‌كانی‌ جیهان.
ئیزینهاوه‌ر، نیكسۆن، ریگان‌و هه‌ردوو بوشی‌ باوك‌و كوڕ، ناودارترین سه‌رۆكه‌كانی‌ سه‌ر به‌حیزبی‌ كۆماریین، كه‌ "فیل"یان كردووه‌ به‌ ره‌مزو لۆگۆی‌ خۆیان.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×