د. بەهار مەحمود، ئەندامی لیژنەی پێشوی نوسینەوەی دەستوری هەرێمی كوردستان رایگەیاند، هەرچەندە بە پێی یاسا لەسەر بنەمای کورسییەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ژمارەی دەنگدەر دیاری کراوە، بەڵام نەبونی دەستور لە هەرێمی کودستان یەکێکە لەو "مەترسیانە"ی کە لە ڕێگەیەوە حکومەتی عێراق دەتوانێت ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان کەم بکاتەوە.
ئاوێنە: د. بەهار مەحمود، ئەندامی خولی پێشوی پەرلەمانی عێراق و ئەندامی لیژنەی پێشوی نوسینەوەی دەستوری هەرێمی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"لەو یاسایانەی هەرێم کە پێیان دەوترێت یاسای سروشت دەستوریی هاتوە کە ژمارەی دەنگدەرانی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای ژمارەی دەنگدەر دیاری دەکرێت، واتە ژمارەی دەنگدەر دابەشی ژمارەی کورسی دەکرێت تا ڕێژەی دەنگدەر دەربهێندرێت بۆ هەر کورسیەک، ئەمەش لە نەبونی دەستورە لە هەرێمدا کە دەبو ژمارەی دەنگ بۆ هەر کورسیەک جێگیر بێت."
وتیشی،"دەستوری عێراق ڕێگر نییە لەوەی کە دەبێت هەرێمیش پەیڕەوی دەستوری عێراق بکات، کە بەپێی دەستوری عێراق بۆ هەر کورسیەک 100 هەزار دەنگدەر دیاریکراوە، بۆیە نەبونی دەستور بۆتە هۆی مەترسی ڕەنگە بڕیاری کەمکردنەوەی کورسیەکانی پەرلەمانی كوردستان جێبەجێ بکرێت لەلایەن عێراقەوە لە ڕێگەی دادگای فیدڕاڵیەوە."
لە ئەگەری سەپاندنی بڕگەی (سێی) دەستوری عێراق بەسەر هەرێمی کوردستاندا کە بەپێی بڕگەکە بۆ هەر کورسیەک 100 هەزار دەنگدەر دیاری کراوە، ئەوا پێویستە ژمارەی کورسیەکانی پەرلەمانی كوردستانیش کەمبکرێتەوە.
پێشتریش حکومەتی عێراق لە ڕێگەی دادگا نێودەوڵەتییەکان و دادگای فیدڕاڵیەوە چەند بڕیارێکی سەبارەت بە هەرێمی کوردستان لە بەرژەوەندی خۆی یەکلاکردەوە. وەک بڕیاری ڕاگرتنی فرۆشتنی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی تورکیاوە لە دادگای ناوبژیوانی پاریس و کەمکردنەوەی ژمارەی کورسیەکانی پەرلەمانی کوردستان لە 111 کورسیەوە بۆ 100 کورسی لە دادگای فیدراڵی.
بە ڕای د.بەهار ئەم پرسانە هۆکارەکەی "لاوازی هەرێمی کوردستان بوە" کە نەیتوانیوە سود لەو دەرفەتانە وەربگرێت کە هاتۆتە پێشی.
وتیشی"هەرێمی کوردستان لە چەند ساڵی ڕابردودا لە دۆخێکی بەهێزدا بو، بەڵام نەیتوانی لەم دۆخە بەهێزەدا بەرگری لە مافەکانی خۆی بکات، لە جیاتی ئەوە بڕیاری ڕیفراندۆم و دارایی سەربەخۆیی دا، بۆیە بە ناچاری لە دۆخێکی زۆر لاوازدا داوای مافەکانی دەکات لەم دۆخە لاوازەشدا ناتوانێت مافەکانی وەک پێویست بەرجەستە بکات."