ئاژانسی فریاگوزاری و كارەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەنابەرانی فەڵەستین بڵاوی كردەوە، ئەوەی لەماوەی ساڵێكدا لە غەزە ڕوویداوە، سەخترین ڕووداوە لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە، كە بەهۆیەوە ٥٠ هەزار ژنی دووگیان لە دۆخێكی سەختدا دەژین.
ئاوێنە: ئاژانسی فریاگوزاری و كارەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەنابەرانی فەڵەستین سەبارەت بە دۆخی خراپی هاوڵاتیانی غەزە بەتایبەتی ژنانی دووگیان ڕاپۆرتێكی بڵاوكردەوە کە تیایدا ھاتووە، ئەوەی لەماوەی ساڵێكی غەزە ڕوویداوە، سەخترین ڕووداوە لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە، هەروەها جەنگەكان هەمیشە یەكەمجار كاریگەری لەسەر لاوازترین چینەكانی كۆمەڵگا دەبێت، بەلایەنی كەمەوە ٧٠٪ی ئەوانەی لە شەڕی غەزەدا كوژراون ژن و منداڵان.
ئاماژە بەوەشكراوە، ٥٠ هەزار ژنی دووگیان لە غەزە هەیە، لە دۆخێكی سەختدا دەژین، لە غەزە كەلوپەل و پێداویستییەكان یان نین یا نرخیان زۆر گرانە، بۆنمونە نرخی یەك سابون بە ڕێژەی لەسەدا ١١٠٠ بەرزبووەتەوە.
لە ٢٩ی تشرینی دووەمی هەموو ساڵێك بە ڕۆژی جیهانی هاوپشتی لەگەڵ گەلی فەڵەستین دیاریكراوە و ژمارەیەك وڵاتی جیهان بۆنەیەكی هاودەنگی لەگەڵ گەلی فەڵەستین و پێشێلكردنی مافەكانیان لەلایەن ئیسرائیلەوە ڕێكدەخەن.
جێگای ئاماژەیە، لە بەرەبەیانی ٧ـی مانگی تشرینی یەكەمی ساڵی ڕابردووەوە چەكدارانی حەماس لە ڕێگەی هەزاران مووشەكەوە هێرشیان كردە سەر ئیسرائیل، دواتر ئیسرائیل هێرشی پێچەوانەی بۆ كەرتی غەزە دەستپێكرد، لە ئەنجامدا بە هەزاران كەس بوونە قوربانیی و ئاوارە بوون، تا ئێستاش شەڕ و پێكدادانی نێوان چەكدارانی حەماس و سوپای ئیسرائیل بەردەوامە.