سەرچاوەیەكی سەربازیی ڕژێمی سووریا ڕایگەیاند، سوپای سووریا كۆكراوەتەوە و ئامادەكاریی كراوە بۆ هێرشی پێچەوانە، لە ماوەی ٢٤ كاتژمێری داهاتوودا هێرشەكە ئەنجام دەدرێت، سەرجەم ناوچەكان ڕزگار دەكەنەوە.
ئاوێنە: سەرچاوەیەكی سەربازیی ڕژێمی سووریا سەبارەت بە وادەی دەستپێكردنی هێرشی پێچەوانەی سوپای ڕژێمی سووریا بۆ سەر چەکدارانی سەر بە تورکیا، زانیاری نوێی خستەڕوو، و ڕایگەیاند، كۆكردنەوەی سەربازانی سوپای سووریا تەواو بووە، پیلانی پێویست بۆ لە ناوبردنی دوژمن داڕێژراوە.
ئاماژەی بەوەشكرد، ٢٤ كاتژمێر ماوە بۆ دەستپێكردنی هێرشی پێچەوانە بۆ سەر چەكدارەكان، لە هەموو میحوەرەكان كاردەكەن بۆ ڕزگاركردنی هەموو ناوچە داگیركراوەكان، تا دەگاتە قەڵاكانیان لە شاری ئیدلب.
باسی لەوەشكرد، فڕۆكە جەنگییە هاوبەشەكانی سووریا و ڕووسیا هێرشی ئاسمانیی و مووشەكی ئاراستەی گوندەکانی باشووری ئیدلب و گوندەکانی باكووری حەما كردووە، بەهۆیەوە دەیان چەکدار كوژراو و بریندار بوون.
جێگای ئاماژەیە، ماوەی حەوت ڕۆژە چەکدارانی سەر بە تورکیا، هێرشی بەرفراوانیان بۆ سەر شاری حەلەب و سوپای ڕژێمی سووریا ئەنجامداوە و ئێستا ئەو گرووپانە دەستیان بەسەر بەشێكی زۆری شارەكەدا گرتووە.