ئەبو محەمەد جۆلانی، سەرۆكی دەستەی تەحریری شام رایگەیاند، ئەوانەی بەرپرسیار بون لە ئەشكەنجەدان و كوشتنی بەندكراوان لە زیندانەكانی سوریا، لێبوردنی گشتی نایانگرێتەوەو داواش لە وڵاتان دەكات ئەو كەسانەیان رادەست بكەنەوە كە لەو روەوە تۆمەتبارن.
ئاوێنە: ئەبو محەمەد جۆلانی، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی، لەو كەسانە خۆش نابین كە تێوەگلاون لە ئەشكەنجەدان و كوشتنی بەندكراوانی نێو زیندانەكانی سوریا یاخود هۆكاربون بۆ ئەشكەنجەدان و لەناوبردنیان.
جەختیشی كردەوە كە ئەوانەی لەناوخۆی سوریادان دەستگیردەكرێن و روبەڕوی یاسا دەكرێنەوە.
وتیشی، ئەوانەشی بۆ وڵاتانی دیكە هەڵاتون داوا لەو وڵاتانە دەكەین كە رادەستیان بكەنەوە تاوەكو روبەڕوی یاسا بكرێنەوە.
ئەوەش لەكاتێكدایە كە دوێنێ سێشەممە، جۆلانی رایگەیاند، بەمزوانە لیستی ناوی ئەو بەرپرسانەی دەسەڵاتی پێشوی سوریا بڵاودەکەنەوە، کە دەستیان هەبوە لە ئەشکەنجەدان و كوشتنی بەندكراوانی نێو زیندانەكانی سوریا.
بەپێی ئاماری رێکخراوەکانی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ، لەدوای سەرهەڵدانی شەڕی نێوخۆی ئەو وڵاتە لە ساڵی 2011، لانیکەم 30 هەزار زیندانی لە سێدارە دراون، یان لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانیان لەدەستداوە.