ئەسەد پێش هەڵاتنی یاریدەدەر و گەورە لێپرسراوانی وڵاتەكەی فریوداوە
  2024-12-13       1066       

لە دوایین ساتەكانی پێش هەڵاتنی لە سوریا، بەشار ئەسەد یاریدەدەر و لێپرسراوی باڵا و كەسە نزیكەكانی فریوداوە و پێی رانەگەیاندوون، كە پلانی هەیە سوریا بەجێبهێڵێت و بەرەو روسیا هەڵبێت.

ئاوێنە: ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویكردووەتەوە، رۆژی شەممەی رابردوو، بەشار ئەسەد بە چەند سەعاتێك بەر لە هەڵاتنی، كۆبوونەوەیەكی لەگەڵ نزیكەی ٣٠ لێپرسراوی سەربازی و ئەمنی لە وەزارەتی بەرگری سوریا ئەنجامداوە و پێی راگەیاندوون پشتیوانی روسیا لە رێگایە و داوای لێكردوون، خۆڕاگربن دژی هێرشی گروپە چەكدارەكان، بەبێ ئەوەی ئاماژە بەوەبكات پلانی داناوە وڵات بەجێبهێڵێت.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، هیچ كام لە لێپرسراوە سەربازییەكان و تەنانەت كەسوكاری نزیكی بەشار ئەسەد، ئاگاداری پلانی هەڵاتنی ناوبراو نەبوون، بەجۆرێك رۆژی شەممەی رابردوو بەڕێوەبەری نووسینگەكەی ئاگاداركردوەتەوە، دوای كارەكەی دەچێتەوە ماڵەوە، بەڵام چووەتە فڕۆكەخانە و دواتر وڵاتی جێهێشتوە.

ئاژانسەكە راشیگەیاندووە، بەشار ئەسەد داوای لە راوێژكارە رۆژنامەوانییەكەی كردووە، سەردانی ماڵەكەی بكات و وتارێك بۆ ناوبراو ئامادەبكات، بەڵام كاتێك سەردانی ماڵەكەی كردووە، بەشار ئەسەد لەوێ نەبووە، ئەوەشی خستووەتەڕوو، لەئێستادا بەشار ئەسەد لە روسیایە و ئەو وڵاتە مافی پەنابەری بەخۆی و كەسوكارەكەی داوە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×