سەرۆککۆماری تورکیا رایدەگەیەنێت، ئێستا ئەنقەرە لە گفتوگۆیەکی جددیدایە لەگەڵ ئەحمەد شەرع سەرۆکی ئیدارەی نوێی سوریا، دەشڵێت "لەمەوبەدوا سەردانەکانمان بۆ دیمەشق بەردەوام دەبێت".
ئاوێنە: ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە هەواڵێکیدا بڵاویکردەوە، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا دوای کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران لە ئەنقەرە رایگەیاندووە، تورکیا بەهەموو شێوەیەک ئامادەیە هاوکاری پێشکەش بە گەلی سوریا بکات کە پێویستیانە بۆ پاراستنی دەسکەوتەکانیان.
ئەردۆغان ئاماژەی بەوەشکردووە، سوریای نوێ لە داهاتوودا بەهیچ شێوەیەک پانتاییەکی نامێنتەوە بۆ "گروپە تیرۆریستیەکانی داعش و پەکەکە".
لە کۆتایدا سەرۆککۆماری تورکیا دەشڵێت "ئامانجی تورکیا پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سوریایە"، ناوبراو هۆشداریشیدا لەوەی هەر پێشێلکارییەک بۆ پارچە پارچە کردنی خاکی سوریا، بەزاندنی هێڵی سوورە بەلای ئەوانەوە.
