کێ لەبەڵێنەکانی هەڵبژاردن دەپرسێتەوە؟
  2024-12-30       538       
دەبێت خەڵک چاودێر بێت بەسەر حزبەکان‌و پەرلەمانەوە

ئا: مەزهەر کەریم

 

لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا، شەقامەکان بەدروشم‌و بەڵێنی لیست‌و سەرکردەکانیان رازابۆوەو سەرۆک‌و سەرکردەکان رۆژ تا ئێوارە لەناو بازاڕو لەم کەرنەڤال‌و ئەو کۆبوونەوەی جەماوەری بوون‌و بەڵێنی سەوزو زەردو سوریان دەدا بەخەڵکی گەربێتوو دەنگی ئەوان بەدەستبهێنن، بەڵام ئێستا کەوا بۆ سێ مانگ دەچێت هەڵبژاردن کراوە، کەس خۆی ناکات بەخاوەنی ئەو قسەو بەڵێنانەی لەکاتی بانگەشەدا دووپاتیان دەکردەوە، پەرلەمانتارێکی پێشوو دەڵێت "هۆکاری بێ بەڵێنی حزبەکان دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ئەو پەرلەمان‌و دیموکراسییەی ئێمە هەمانە رووکەش‌و شکلیە".

 

دادوەر ڕزگار محەمەد ئەمین، ئەندامی پێشووی دادگای پێداچونەوەی ھەرێم‌ پەرلەمانتاری پێشووی پەرلەمانی کوردستان سەبارەت بەوەی حیزب‌و پەرلەمانتاران ناچنەوە سەر بەڵێنەکانی کاتی بانگەشەی هەڵبژاردن، هۆکارەکەی دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەوەی کە سیستەمی حوکمڕانی کوردستان لەبنەڕەتدا پەرلەمانی نیییەو خەڵکی بەژیانی پەرلەمانی ڕانەھاتووەو زۆربەشی نازانن بۆچی پەرلەمان دروست دەبێت‌و ئەرکی پەرلەمان چییە، ئەو بەئاوێنەی وت "ئەو پەرلەمانەی لای ئێمە زیاتر رووکەشە، دیموکراسییەکەشمان هەر دیموکراسیەکی رووکەش‌و شکلیە، چی لەعێراق بێت چی لەکوردستان، چونکە ھەر لەڕووخانی پاشایەتییەوە ژیانی پەرلەمانی دەستووری زۆر چووەتە دواوە لەعێراق‌و دەستاودەستکردنی دەسەڵات گەشەی نەکردووە، دەوڵەت لەسەر بنەمای شۆڕش‌و کودەتا دروست بووە، بۆیە زۆر زەحمەتە کلتوری پەرلەمانی سەقامگیر بێت".

وتیشی "زۆربەی کات حیزبەکان بۆ ئەوە نەھاتوون کێبڕکێی یەکتر بکەن لەسەر کۆمەڵێک پرەنسیپ کە پەیوەندی راستەوخۆی بەژیانی خەڵکەوە بێت‌و بەرنامەیەکی باشتر پێشکەش بکەن، بەڵکو ھەموو ھەوڵێکیان بۆ ئەوەیە بگەنە دەسەڵات، ھەرچەندە لەوڵاتانی دیکەش بۆ ئەوەیە بگەنە دەسەڵات، بەڵام گەیشتن بەدەسەڵات لەژیانی سیاسیدا بۆ ئەوەیە وڵاتەکەت پێشبخەیت‌و ھاوڵاتیانت دڵخۆش بکەیت‌و باری ئابوریان چاک بکەیت، ئەوەی پێویستە بەپێی بەندەکانی مافی مرۆڤ لەوڵاتێکی شایستەدا ئەوە بکرێت، لەوڵاتانی پێشکەوتوودا سزای ئەو حیزبە دەدەن بەدەم بەڵێنەکانیەوە نەچووە، بۆیە دەبێت لێرەش خەڵک چاودێر بێت بەسەر ئەو حزبانەوە، وەک چۆن پەرلەمان چاودێرە بەسەر حکومەتەوە، پەرلەمان ئەگەر بەو کارەی خۆی ھەڵنەستا، ئەوە میللەت دەبێت بیگۆڕێت لەکاتی ھەڵبژارندا".

حاکم ڕزگار لەبارەی پەرلەمانی کوردستانەوە جەغت لەوە دەکات کە زۆرینەی پەرلەمانتارەکان بەردەوام کاری حیزبی جێبەجێ دەکەن، یاخود کێبڕکێی حیزبی لەکوردستان زیاتر چووەتە خانەی میزاجی کەسی‌و جێبەجێ نەکردنی یاسا، ئەو وتی "لەزۆر شوێندا بڕیاری دادگا جێبەجێ ناکرێت، بڕیاری دەسەڵاتی جێبەجێکردن، جێبەجێ ناکرێت، پێویستە دادگایەکی دەستوریمان ھەبێت، زۆر دواکەوتووین، دەستور نابێت ئەوەندە دوابکەێت، لەعێراقدا لەدوایی کودەتای سەربازی بەسیانزە ڕۆژ دەستوور دانراوە، بەڵام لەھەرێمی کوردستان ماوەی سی ساڵ دەبێت دەستورمان نیە، دەبێت زۆر ئاگاداری ئەوە بین ئەگەر گۆڕانگاری لەدەستوری عێراقدا بکرێت کورد ئەو پێگەیەی نامێنێت".

 

بەشێکی تر لەپەرلەمانتارانی پێشووی کوردستان ئۆباڵی ئەو بێباکییەی حزبەکان لەجێبەجێ نەکردنی بەڵێنەکانیان دەگەڕێننەوە بۆ خودی خەڵکی کە هەموو جارێک دەنگ بەو حزبانە دەدەنەوە بەڵێنی پووچیان پێدەدەن.

 

شیرین ئەمین، پەرلەمانتاری پێشووی پەرلەمانی کوردستان لەفراکسیۆنی گۆڕان، لەبارەی بەڵێنەکانی پێش ھەڵبژاردن بەئاوینەی وت "دەبێت پێش ئەوەی باسی بەڵێنەکانی حیزب بکەین، دەبێت باسی خەڵک بکەین کە درێژەپێدەری ئەو حیزب‌و سیاسەت‌و دەسەڵاتانەن بەڵێنەکان جێبەجێ ناکەن، ئەم کۆمەڵگەیەی ئێستا ئالودەی دەسەڵات بووە، ھەڵبژاردن کراو ھەردوو حیزی دەسەڵات ژمارەیەک کورسیان ھێناوەو دەچنەوە پەرلەمان، واتە سەڕەرای ئەوەی هیچ بەڵێنێک کە بەخەڵکیان داوە جێبەجێیان نەکردووە، هێستا خەڵک دەنگیان پێداونەتەوە تا لەدەسەڵاتدا بمێننەوە".

وتیشی "دیارە خەڵکی دەربەست نییە، تەنانەت لەو حیزبەشی دەنگی پێدەدات پەرلەمانتاری باش‌و خراپ لەیەکتر جیاناکاتەوە، ناتوانێت دواتر چاودێری ئەو پەرلەمانتارە بکات ئاخۆ چی بۆ کردوە یان خاوەنی بەڵێنەکانی بووە یان نا، لەپێناو ئەوەی ئەگەر جارێک بەھەڵە دەنگتداوە با چەندین جاری تر دەنگ نەدەیتەوە بەھەڵە".

 

هەروەها بەڵێن ئیسماعیل، پەرلەمانتاری پێشووی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات کە لەوڵاتانی پێشکەوتوو، دامەزراوەو رێکخراوی تایبەت ھەیە لێکۆڵینەوە لەسەر بەڵێنی حیزبە سیاسیەکان دەکات کە لەکاتی بانگەشەی ھەڵبژارندا، بەڵێنی چییان بەخەڵک داوەو چەندیان جێبەجێکراون، ئەو بەئاوێنەی وت "بەڵام بەداخەوە لەھە رێمی کوردستان، رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی تایبەت بەچاودێری پەرلەمانی زۆر زۆر لاوازە، لەگەڵ ئەوەشدا دەسەڵاتی چوارەم کە کاری ڕۆژنامەگەرییە لەم بارەیەوە وەک پێویست کاری نەکردووە، پێویستە ڕاگەیاندنەکان بێلایەنانە کار لەسەر ئەوە بکەن کە حیزبەکان چی بەڵێنێک بەخەڵکی دەدەن‌و چەندی جێبەجێ دەکەن".

وتیشی "پێویستە ژمارەی رێکخراوەکانی تایبەت بەچاودێری پەرلەمان‌و حکومەت‌و حیزبەکان زیاتر بکرێت‌و ھاوکاری بکرێت لەگەڵ ئەوەشدا بەبێلایەنانە کارەکانی خۆیان بکەن، لەگەڵ میدیای سەربەخۆدا ڕاپۆرت لەسەر بەڵێنەکانی ئەو حزبانە بکەن کە چییان وت‌و چەندیان جێبەجێ کرد، تا خەڵکی بەرچاو ڕوون بێت‌و بۆ ڕای گشتی ئاشکرا بکەن، دەبێت چاودێریەکی ورد ھەبێت لەدەرەوەی حیزبەکان‌و بەردەوام ئەوە بەبیر خەڵک بھێننەوە فلانە حیزب ژمارەیەک بەڵێنی داوە، بەڵام ھیچکامیانی جێبەجێ نەکردووە".

 

هەروەها چیا وریا، کاندیدی پێشووی بەرەی گەل بۆ پەرلەمانی کوردستان، لەبارەی ئەوەی حیزبەکان ناچنەوە سەر بەڵێنەکانیان لەدوایی ھەڵبژاردن، بەئاوێنەی وت "ئێمە وەک بەرەی گەل خاوەنی یەک کورسیش بین خاوەنی بەڵێنی خۆمانین بەڵام بەشێک لەحیزبەکان ناچنەوە سەر بەڵێنەکانیان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە لەم هەڵبژاردنەو لەهەڵبژاردنی ساڵانی پێشووتریشدا، ھەڵبژاردن لەھەرێم دیزانین کراوە، دیارە حیزبە باڵادەستەکان براوەی پەرلەمان دەبن‌و زۆرینەی دەنگەکان بەدەست دەھێننەوە، بۆیە ناچنەوە سەر بەڵێنەکانیان‌و باکیان بەدەنگدەرەکانیان نیە".

وتیشی "بەڵام تاسەر پارتی‌و یەکێتی ناتوانن بەڵێنی ناڕاست بدەن بەخەڵک، ئەوەی دەبینرێت رۆژ بەرۆژ خەڵک نائومێد بووە لەھەلبژاردن، ئەوەی ھەست دەکرێت سیستەمی دیموکراسی‌و پەرلەمان دەخرێتە ژێر پرسیارەوە، زۆرترین خەڵک باوەڕی بەھەڵبژاردن نەماوە، ئەمەش بۆچی دەگەڕێتەوە؟ بۆ بێ بەڵێنی حزبەکان بەرامبەر بەخەڵک".

ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات

ئاوێنە بۆ ماوەی دوو ساڵی داهاتوو پڕۆژەیەکی میدیایی هاوبەش بەسپۆنسەری "قەریب" بەڕێوەدەبات.

لەم پڕۆژە میدیاییەدا بایەخێکی تایبەت دەدرێت بەگەنجان‌‌و ژنان‌و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم‌و حکومەتی ناوەندی عێراق‌و هەڵبژاردنی کوردستان.

لەچوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا، ئاوێنە بەشێوەیەکی پیشەیی‌ کار لەسەر ئەو  بابەتانە دەکات‌و چەندین راپۆرت‌و فیچەر پێشکەش بەخوێنەرو بینەرانی دەکات.

"قریب" بەرنامەیەکی هەرێمایەتییە بەسپۆنسەری ئاژانسی فەرەنسی بۆ پەرەپێدان "AFD‌"و لەلایەن ئاژانسی فەرەنسی بۆ گەشەپێدانی میدیایی CFI جێبەجێدەکرێت.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×