سەرۆکی ئاسایشی ئێران رایگەیاند، دوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد گروپێکی نوێ لە سوریاوە سەرهەڵدەدات بۆ شەڕکردن دژی ئیسڕائیل.
ئاوێنە: ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس لەڕێگەی دەزگای هەواڵی ئیرنای ئێرانەوە بڵاویدەکاتەوە، عەلی ئەکبەر ئەحمەدیان سەرۆکی ئاسایشی نیشتیمانی باڵای ئێران وتویەتی "لەگەڵ داگیرکردنی ناوچەکانی سوریا لەلایەن ڕژێمی زایۆنییەوە، مقاوەمەیەکی نوێ لە دایکبووە و لە ساڵانی داهاتوودا خۆی دەردەخات".
لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی قەتەڕدا، ئەحمەدییان سوور بوو لەسەر ئەوەی بەرەی مقاوەمەی دژ بە ئیسڕائیل "لاواز نەبووە" دوای ڕووخانی ئەسەد، کە هاوپەیمانی تاران بوو.
جێی ئاماژەیە، لەدوای ڕووخانی ئەسەدەوە، ئیسڕائیل سەدان هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر دامەزراوە سەربازییەکانی سوریا و رایگەیاندووە، مەبەست لە هێرشەکانی ئەوەیە کە ڕێگە نەدات ئەو چەکانە بکەونە ژێر دەستی "دوژمنکارانەوە".