سعودیە، ئەمڕۆ چوارشەممە، لەسێدارەدانی شەش هاوڵاتی ئێرانی بە تۆمەتی قاچاخچێتی ماددە هۆشبەرەكان راگەیاندو ئێران لەوبارەیەوە ناڕەزایەتی "توند"ی دایە باڵیۆزی سعودیە لە تاران.
ئاوێنە: وەزارەتی ناوخۆی سعودیە، ئەمڕۆ چوارشەممە، رایگەیاند، بەتۆمەتی بەقاچاخبردنی ماددەی هۆشبەر لە جۆری حەشیش بۆ وڵاتەكەیان، شەش هاوڵاتی ئێرانی لە سێدارەدراون.
لە سعودیە قاچاخچێتی ماددەی هۆشبەر تاوانەو سزاكەی لەسێدارەدانە.
لەبەرامبەر ئەو كارەدا، وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئەمڕۆ باڵیۆزی سعودیەیان لە تاران بانگهێشتی وەزارەتەكەیان كردوەو ناڕەزایەتی توندی تاراینان پێڕاگەیاندوە.
كەریمی شەستی، بەڕێوەبەری كاروباری كونسوڵگەریی لە وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئەو هاوڵاتییە ئێرانیانە پێش چەند ساڵێك لەلایەن دادگای سعودیەوە سزای لەسێدەرانیان بۆ دەرچوبو، وەزارەتەكە بەردەوام خزمەتگوزاری كونسوڵی پێشكەش كردون و كاری كردوە بۆ سوككردنی سزاكەیان.
جەختیشی كردۆتەوە كە سعودیە سزای لەسێدارەدانی ئەو هاوڵاتییە ئێرانییە بەبێ ئاگاداركردنەوەی پێشوەختەی باڵیۆزخانەی ئێران، جێبەجێ كردوە، كە ئەوەش "كارێكە بەهیچ شێوەیەك قبوڵكراو نییە و پێشێلكردنی رێساو بنەماكانی یاسای نێودەوڵەتییە لەنێویشیان رێككەوتننامەی پەیوەندییە كونسوڵگەرییەكان."
كەریمی شەستی وتوشیەتی، باڵیۆزی سعودیەیان لەوبارەیەوە بانگهێشت كردوەو ناڕەزایەتی توندیان داوەتێ لەبارەی ئەو رێكارانەوە كە پێشێلی رێڕەوی هاریكاری دادوەریی نێوان هەردو وڵاتن و هەروەها داوای رونكردنەوەشیان لە سعودیە كردوە.
بەپێی میدیای رەسمی ئێران بڕیارە وەفدێكی یاسایی و كونسوڵگەریی لە وەزارەتی دەرەوەی ئێران بۆ بەدواداچونی ئەو كەیسە، سەردانی ریاز بكات.