سەنتەری میترۆ رایگەیاند، داخستنی هەندێ ناوەندی رێكخراوەیی و میدیایی پەیوەندی بە فشاری دەرەكییەوە هەیە، بڕیارەكە سیاسییە نەك یاسایی و ئێمە بە توندی سەركۆنەی دەكەین.
ئاوێنە: ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە ئۆفیسی سەنتەری میترۆ لە شاری سلێمانی، كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی لەبارەی بڕیاری داخستنی ژمارەیەك ناوەندی رێكخراوەیی و میدیایی بەڕێوەچو.
رۆژی سێشەممە31ی كانونی یەكەمی 2024، هێزەكانی ئاسایشی سلێمانی ژمارەیەك ناوەندی كلتوری، رێكخراو و میدیاییان داخستوە بەبێ ئەوەی هیچ بڕیارێكی دادگایان پێبێت، ئاسایشی سلێمانیش دەڵێت، بڕیارەكە لەژێر رۆشنایی بڕیاری ئەنجومەنی دادوەریی عێراق بوە بۆ داخستنی بارەگای ناوەندەكانی نزیك لە پەكەكە.
لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا دیاری محەمەد، بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ رایگەیاند، داخستنی هەندێ ناوەندی رێكخراوەیی و میدیایی پەیوەندی بە فشاری دەرەكییەوە هەیە، بڕیارەكە سیاسییە بەڵام بەرگی یاسایی لەبەركراوە و ئێمە بەتوندی سەركۆنەی دەكەین.
هەروەها باسی لەوە كرد، گەر بڕیاری داخستنەكە پەیوەندی بە بڕیاری دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەكانی عێراق هەیە كە چەند پارتێكی سیاسی بە بیانوی نزیكییان لە پارتی كرێكارانەوە ئەوەش هەر ناڕەواەیە چونكە ئەم كۆمپانیا و ناوەندانەی داخراون كە كۆپنیای مۆڵەتپێدراون و دورن لە كاری حزبی، وتیشی "دەبێت ئەم كردەوەیە رۆحی هاوپشتی نێوان دەزگاكانی راگەیاندن و رۆژنامەنوسان فراوانتر بكات و هەموان فشاربكەن بە ئاراستەی هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكە."
ئەو شوێنانەی داخراون پێكدێن لە ناوەندەكانی بزوتنەوەی ژنانی ئازاد، كۆمپانیای نوێگەر و مەرزیە، كۆمپانیای گزنگ كە بۆ ژن تیڤی كاردەكات.
تەوار عادل بەڕێوەبەری كۆمپانیای گزنگی بەربەیان لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا سەرسوڕمانی خۆیانی لە بڕیارەكە دەربڕی، باسی لەوەكرد كە كۆمپانیاكەیان لە 26ی كانونی یەكەمی 2017 وە لە كۆمپانیا خۆماڵییەكانی سەر بە وەزارەتی پیشەسازی هەرێمی كوردستان، تۆمار كراوە، لە ئایاری 2024 مۆڵەتیان نوێ كردۆتەوە، وتیشی"كۆمپانیاكەمان بۆ بەرهەمهێنانی میدیایە گرێبەستی كاركردنی لەگەڵ ژن تیڤی هەیە و بەرنامەو پرۆگرامی بۆ ئامادە دەكات" و "تا ئێستا لایەنە پەیوەندیدارەكان هیچ رونكردنەوەیەكیان نەداوە."
دوێنێ كۆمپانیای گزنگی بەربەیان راگەیەندراویكی بڵاوكردەوەو وتی"رۆژی 31ـی كانونی یەكەم، كە رۆژی كۆتایی ساڵە، لە چوارچێوەی بڕیارێكدا كە حكومەتی ناوەندیی عێراق، حكومەتی هەرێمی كوردستان و دەزگای ئاسایشی هەرێمی سلێمانی تێیدا بەشدارن، بەبێ بون و پیشاندانی نوسراوێكی فەرمی و ئاگاداركردنەوە، بڕیاری داخستنی كۆمپانیای گزنگی بەربەیان درا."