سكای نیوز: دوای پێنج ساڵ لە كشانەوە، سوپای ئەمریكا دەگەڕێتەوە كۆبانی
  2025-01-02       518       

ماڵپەڕی كەناڵی سكای نیوزی عەرەبی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، بڵاویكردەوە، دوای نزیكەی پێنج ساڵ لە كشانەوە، سوپای ئەمریكا دەگەڕێتەوە كۆبانی و بنكەیەكی سەربازی لە سەنتەری شارەكە دادەمەزرێنێت.

ئاوێنە: سكای نیوز لە هەواڵێك ئاماژەی بەوەشداوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، كاروانێكی بارهەڵگری سوپای ئەمریكا گەیشتە شاری كۆبانی كە پشتیوانی لۆجستی سەربازی و ژوری ئامادەی دروستكراو، كامێرای چاودێری، ئامێری هەڵكەندن، بەربەستی كۆنكرێتی و تانكەری سوتەمەنی لەخۆگرتبو.

ماڵپەڕەكە هێمای بۆ ئەوەش كردوە، لەدوای كەوتنی رژێمەكەی بەشار ئەسەدەوە، كۆبانێ كەوتۆتە بەر هەڕەشەی توركیا، بەڵام گەڕانەوەی هێزەكانی ئەمریكا بۆ شارەكە، ئاماژەیەكی ئەرێنییەو جێگەی دڵخۆشییە بۆ شەقامی كوردی و ناوچەكە دوردەخاتەوە لە شەڕی زیاتر.

بەپێی هەواڵەكەی سكای نیوز، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش بە سەرۆكایەتی ئەمریكا لە سەنتەری شاری كۆبانی بنكەیەك دادەمەزرێنێت و لە ئێستادا تیمە تایبەتەكان بۆ سەرپەشتیكردنی دامەزراندنی بنكە سەربازییەكە گەیشتونەتە كۆبانی.

لەدوای كەوتنی رژێمەكەی بەشار ئەسەد، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە ماوەی مانگی رابردودا، پشتیوانی سەربازیی گەورەی گەیاندۆتە باكوری رۆژهەڵاتی سوریا لەڕێگەی وشكانی و ئاسمانەوە.

بەپێی راپۆرتەكان ئەو پشتیوانییە سەربازییانە لەڕێگەی زیاتر لە 400 بارهەڵگر لە دەروازەی وەلیدی سنوری عێراق و هەروەها 18 فڕۆكەی باهەڵگرەوە گەیەندراونەتە باكوری رۆژهەڵاتی سوریا.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×