سەرۆكی دەستەی فڕۆكەوانیی مەدەنیی سوریا رایگەیاند، لە رۆژی 7ی ئەم مانگەوە، گەشتە ئاسمانییە نێودەوڵەتییەكان لە فڕۆكەخانەی دیمەشق دەستپێدەكەنەوە.
ئاوێنە: ئەشهەد سەلیبی، سەرۆكی دەستەی فڕۆكەوانیی مەدەنیی سوریا لە لێدوانێكدا وتیشی، دڵنیایی دەدەینە كۆمپانیاكانی فڕۆكەوانیی عەرەبی و جیهانی كە ئێمە لە قۆناغی بەگەڕخستنەوەی تەواوەتی فڕۆكەخانەی دیمەشق و حەڵەب-ین بە هوكاری هاوبەشەكانمان بۆ ئەوەی بتوانین پێشوازی لە گەشتە ئاسمانییەكان بكەین لە تەواوی جیهانەوە.
ئەوەش لەكاتێكدایە كە رۆژی 18ی مانگی رابردو، یەكەم فڕۆكەی مەدەنی لەدوای كەوتنی رژێمەكەی بەشار ئەسەدەوە لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی دیمەشقەوە بۆ فڕۆكەخانەی حەڵەب فڕی و گەڕایەوە، ئەوەش گەشتێكی تاقیكردنەوەی ئامادەیی فڕۆكەخانەكان و گەشتەكە تەنیا كارمەندانی فڕۆكەكەی تێدابو بەبێ سەرنشین و گەشتیار.