جەستن ترودۆ، سەرۆک وەزیرانی کەنەدا دەستلەكاركێشانەوەی خۆی لە پۆستی سەرۆك وەزیران و سەرۆكی حزبی لیبراڵی فەرمانڕەوا راگەیاند.
ئاوێنە: جەستن ترودۆ، ئەو بڕیارەی خۆی، ئەمڕۆ دوشەممە، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا خستەڕو. ترۆدۆ بڕیارە تا ئەو كاتەی جێگرەوەی بۆ دەستنیشان دەكرێت لە پۆستی سەرۆك وەزیراندا بمێنێتەوە.
ئەو بڕیارە لە كاتێكدایە كە لەماوەی ئەم چەند مانگەی دواییدا، جەستن ترودۆ كەوتۆتە ژێر گوشاری ئەندامانی حزبەكەی حزبی لیبراڵی كەنەداو رایگشتی ئەو وڵاتەو داوای دەستلەكاركێشانەوەی دەكەن.
ئەو گوشارانە لەدوای ئەوەی مانگی رابردو، كریستیا فریلاندا، وەزیری دارایی حكومەتەكەی ترودۆ دەستی لەكاركێشایەوە، بەتایبەتی زیاتر بون.
بەرلەوە میدیاكانی كەنەدا ئاماژەیان بەوەدابو كە ترودۆ بەنیازە پێش كۆنگرەی گشتی حزبەكەی كە بڕیارە رۆژی چوارشەممە بەڕێوەبچێت، دەستلەكاربكێشێتەوە.
ترودۆ لەساڵی 2013 بوە سەرۆكی حزبی لیبراڵی كەنەدا و لە ساڵی 2015شەوە سەرۆك وەزیرانی ئەو وڵاتەی وەرگرتوە.
بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی حزبەكەی، سەرۆكی حزب دەتوانێت لە هەر كاتێكدایە دەستلەكاربكێشێتەوەو تا ئەو كاتەشی كە حزبەكە جێگرەوەی سەرۆكە دەستلەكاركێشاوەكە هەڵبژێرێت، یەك سەرۆكی كاتی دادەنێن. ترودۆ هاوكات دەتوانێت بڕیار بدات كە تاوەكو هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێ لەو پۆستەدا بمێنێتەوە.
ئەم پڕۆسەیە بەشێوەیەكی ئاسایشی چەند مانگێك درێژە دەكێشێت بەڵام پێدەچێت ئەندامانی حزبەكە لە هەوڵی ئەوەدابن پەلە بكەن لە دیاریكردنی جێگرەوەی ترودۆ.
لەماوەی ئەم مانگانەی دواییدا، ئاستی جەماوەریی ترودۆ لەنێو دەنگدەرانی كەنەداو تەنانەت ئەندامانی حزبەكەشیدا دابەزیوە.
بەگوێرەی راپرسییەكان، تەنیا لەسەدا 22ی كەنەدییەكان رازین لە ئەدای ئەو، ئەوەش نزمترین ئاستی جەماوەرێتی ترودۆیە لەو كاتەوەی پۆستی سەرۆك وەزیرانی وەرگرتوە.
ئەوەش لەكاتێكدایە كە بەپێی راپرسییەكان، ئاستی جەماوەرێتی پییەر پۆیلیۆر، سەرۆكی حزبی پارێزگاران لانیكەم لەسەدا 24 زیاترە لە ترودۆ كە ئەوەش پێشبینی دەكرێت لە هەڵبژاردنی داهاتوی كەنەدادا، گورزێكی گەورە لە حزبی لیبراڵ بدات.