2025-01-08   554     
کاوە ڕەش/ بەریتانیا
پیاوێکی کورد، کە لەبەردەم شەمەندەفەرێکی تیوبدا دانیشتوە، لەو کاتەدا، پاڵ بەکەسێکی پۆستەچییەوە دەنێت بۆ بەناو سکەی شەمەندەفەرو دادگای بەریتانیاش، بەتاوانی ھەوڵدان بۆ کوشتن، بۆ ھەتا ھەتایە سزای زیندانی بەسەردا سەپاند.
وەک لەکامێراکانی چاودێری فەرمانگەی گوستنەوەی ھێڵی ئاسینینی بەریتانیا دەردەکەوێ، پەناخوازێکی کورد، بەناوی (ب.ش)، تەمەن ٢٤ ساڵ، دوای ئەوەی لە ٣ی شوباتدا کەسێک بەناوی، (تادێوس پۆتۆچێکی) تەمەن ٦١ ساڵ، کە لەسەر سەکۆی ھێڵی ڤیکتۆریا بەرەو باشوور گەشت دەکات، لەناو وێستگەی ئۆکسفۆرد سێرک، پاڵ بەو پیاوە بەتەمەنەدا دەنێت بۆناو ھێڵی ئاسینینی شەمەندەفەرو ھەوڵ بۆ کوشتنی دەدات.
قوربانییەکە لەکاتی کەوتنەخوارەوە بۆناو ڕێڕەوەکە، چانسی ھەبووە کە دەستی لەتەزوی کارەبای زیندووی شەمەندەفەرەکە نەداوە، ھەرزوو لەلایەن ڕێبوارێکەوە یارمەتی دراوە لەڕێڕەوەکە دەربچێت، کە دواتر ئەو کەسەی ھەوڵی ڕزگارکردنی داوە، لەلایەن دادوەرەوە لەدادگای تاجی ناوخۆی لەندەن، بڕی ھەزار پاوەندی وەک پاداشت پێبەخشرا.
داواکاری گشتی ڕایگەیاندووە، مەحاڵە شتێک لەخەیاڵتدا بێت، کە ھەرگیز پاساو بۆ پاڵنانی کەسێک لەبەردەم شەمەندەفەرێکی لەو شێوەیەدا بھێنێتەوە.
(ب.ش) کەکۆچبەرێکی کوردەو لەڕێگەی وەرگێڕێکەوە بەڵگەو وتەکانی لەبەردەم دادواەر لێوەرگیراوە، ئەو ئیدیعای ئەوەی کردووە، کە لەو کاتەدا زۆر "تووڕە" بووە لەو کەسە پۆستەچییە، چونکە ھەستی کردووە پۆستەچییەکە، بەنیگایەکی نامۆو ناشیرین سەیری کردووە.
ماکسین جارۆس جۆنز، لەبەشی لێکۆڵینەوە دەڵێت: "ب.ش ھەوڵیداوە بەئەنقەست قوربانییەکە بکوژێت، کاتێک شەمەندەفەرەکە نزیک بۆتەوە، ئەو بەزۆر پاڵی بەپۆستەچییەکەوە، ناوە بۆ ناو ڕێڕەوی شەمەندەفەرەکە".
ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەگەر بیرکردنەوەی خێرای قوربانییەکەو بوێری ئەو ڕێبوارەی دیکە، کە ھاتە یارمەتی و ئەو خێراییەی کە شۆفێری شەمەندەفەرەکە لەکاتی وەستانی شەمەندۆفێرکە نەبوایا، ئەوا کردەوەکانی ئەو پەناخوازە کوردە، دەیتوانی ژیانی قوربانییەکە بەفیڕۆ بدات.
ئاماژەی بەوەشکردووە، پێویستە ھاتووچۆکاران بتوانن لەوێستگەو ڕێگاو بانەکان، بەبێ ترس و بەئازادی گەشت بکەن، دووربن لەتوندوتیژی و زیان. ئەو لێکۆڵەوەرە دەڵێ، بەم سزادانە ھیوادارم وەک بیرخستنەوەیەک بێت، بۆئەو جۆرە کەسانەی بیر لەوکارانە دەکەنەوە، ئێمە بەو شێوەیەی کەیاسا ڕێگەی پێدەدات بەتەواوی لێپێچینەوەیان لەگەڵدا دەکەین.
سام پەینتەر، کەئەویش وەک ئەفسەرێکی بەدوداچون لەوکەیسە کاری کردووە دەڵێ، من دڵخۆشم بەئەنجامی بڕیاری ئەمڕۆی دادگاو دەمەوێت سوپاسی ھەموو ئەو کەسانە بکەم، کەبەشداربوون لە لێکۆڵینەوەکە، وەکاریان کرد کەبەخێرایی تاوانکار، بناسرێتەوەو دەستگیر بکرێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، وەک لەسزای ھەتاھەتاییدا دەردەکەوێت، (ب.ش)ی تەمەن ٢٤ساڵ، تاکێکی لەڕادەبەدەر مەترسیدار بووە، کە سوپاس بۆ یەزدان، ئێستا لەسەر شەقامەکان دوورخراوەتەوەو لەپشت شیشی زیندانەکان قایم کراوە. ھیوادارم ئەو سزادانەی تاوانبار، ھەندێک ئاسوودەیی و ئارام بۆ قوربانییەکە فەراھەم بکات، کە ئێستا بەردەوامە لەسەر چارەسەری چاکبوونەوەی لەو کردەوە ترسناکەی ڕووبەڕووی بۆتەوە.