ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە گەڕی دوەمی دەنگداندا لە پەرلەمانی لوبنان، جۆزیف عەون بە سەرۆكی نوێی ئەو وڵاتە هەڵبژێردرا، ئەوەش دوای زیاتر لە دو ساڵ لە چۆڵبونی پۆستەكە.
ئاوێنە: لە گەڕی دوەمی دەنگداندا جۆزیف عەون، فەرماندەی سوپای لوبنان، بە بەدەستهێنانی دەنگی 99 پەرلەمانتار لە كۆی 128 پەرلەمانتار بە سەرۆكی نوێی لوبنان هەڵبژێردرا، ئەوەش دوای ئەوەی لە گەڕی یەكەمی دەنگداندا ناوبراو نەیتوانی دو لەسەر سێی دەنگی پەرلەمانتاران بەدەستبهێنێت كە بۆ وەرگرتنی پۆستەكە پێویستە.
پۆسی سەرۆكایەتی كۆمار لە لوبنان بەگویرەی سیستمی سیاسی وڵاتەكە كە دابەشكردنی دەسەڵاتە لەنێوان پێكهاتەكاندا، هەمیشە بۆ كریستیانەكانە، لە ماوەی دو ساڵی رابردودا بەهۆی گەیشتن بە بنبەستیی گفتوگۆكانی نێوان لایەنداران و دژبەرانی حزبوڵادا، پۆستەكە بە چۆڵی مابوەوە.
پەرلەمانی لوبنان، پێشتر 13 جار شكستی هێنابو لە گەیشتن بە رێككەوتن لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆكێكی نوێ.
چاودێران لەدوای كشانەوەی ئەو كاندیدەی كە حزبوڵا پشتیوانی لێدەكرد، پێشبینی ئەوەیان كردبو كە جۆزێف عەون بە سەرۆكی نوێی لوبنان هەڵبژێردرێت.
بەپێی میدیاكان، جۆزێف عەون، رەزامەندی لایەنە دەرەكییەكانی وەك ئەمریكا، سعودیە و فەرەنسای لەسەر بوە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆماری لوبنان.
بەگوێرەی ئاژانسی رەسمی لوبنان، دانیشتنەكەی ئەمڕۆی پەرلەمان بە ئامادەبونی وەفدی سەرۆكایەتی فەرەنسا و وەفدی سعودیەو ژمارەیەك لە باڵیۆزانی وڵاتان و دیپلۆماتكاران بەڕێوەچوە.