مەهمەت تەیتاک، پەرلەمانتاری مەهەپە، لەبەرنامەیەکی راستەوخۆدا دەڵێت "عەبدوڵڵا ئۆجالان پیاوێکی بەڕێزە"، بەڵام دوای بەرنامەکە روونکردنەوە لەسەر ئەو لێدوانەی دەدات.
ئاوێنە: لەبەرنامەیەکدا کە لەلایەن مەهەپەوە ڕێکخرابوو، مەهمەت تەیتاک، پەرلەمانتاری مەهەپە لێدوانی سەبارەت بەو پرۆسەی ئاشتییەی کە لەدوای بانگەوازی دەوڵەت باخچەلی دەستیپێکردووە، لێدوانی دا.
تەیتاک وتی "گرنگ نییە دەنگەکانمان زیاد بکات یان کەم بکات، ئامانجمان بێدەنگکردنی چەکەکانە، ئێمە دەمانەوێت هیچ خوێنێک لەم وڵاتەدا نەڕژێت. نابێت فرمێسک لەچاوی هیچ دایکێکەوە بڕژێت، ئەوە تەنها ئامانجی مەهەپەیەو سەرۆکەکەشمان دەوڵەت باخچەلی لەسەر ئەو بنەمایە بانگەوازی کردووە".
تەیتاک لەدرێژەی قسەکانیدا وتی "لەڕۆژانی داهاتوودا دەبینین بەدڵنیاییەوە بەڕێز عەبدوڵا ئۆجەلان لێدوانەکەی بەئاڕاستەی ئاشتیو چەک داناندا دەدات".
دوای تەواوکردنی وتارەکەی، تەیتاک رونکردنەوەی سەبارەت بەوشەی "بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان" راگەیاندو وتی "کاتێک لەوێ قسە بۆ خانمێک دەکەیت یان باسی پیاوێکی بەڕێز دەکەیت، تۆ بە بەڕێز ناوی دەبەیت، ئەگینا بۆ ئێمە عەبدوڵڵا ئۆجالان سەرکردەی (تیرۆریست)انە".