بڕیارە رۆژی یەكشەممەی داهاتو پەرلەمانی عێراق كۆببێتەوەو یەكێك لە بڕگەكانی كۆبونەوەكەش تایبەتە بە دەنگدان لەسەر هەمواری یاسای بودجە كە هەموارەكە تایبەتە بە تێچوی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێم.
ئاوێنە: فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە، بەرنامەی كاری دانیشتنی رۆژی یەكشەممە 19/1/2025ی پەرلەمانی بڵاوكردەوە كە هەشت بڕگە لەخۆدەگرێت.
بەپێی بەرنامەی كارەكە، بڕگەی دوەمی دانیشتنەكە تەرخان كراوە بۆ دەنگدان لەسەر پڕۆژە یاسای هەمواری یەكەمی یاسای بودجەی گشتی عێراق.
ئەوەش لەكاتێكدایە كە رۆژی دوشەممەی ئەم هەفتەیە، پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی دوەمی بۆ پڕۆژە یاسای هەمواری یەكەمی یاسای بودجەی گشتی عێراق كرد.
د. نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رۆژی دوشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی، لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەماندا، خوێندنەوەی دوەم کرا بۆ هەمواری یاسای بودجە مادەی 12 بڕگەی دوەم/ج، کە تایبەتە بە تێچوی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێم.