سەرۆك وەزیرانی قەتەر بەڕەسمی رێككەوتنی ئاگربەستی لە غەززە راگەیاندو دەڵێت، ئاگربەستەكە لە رۆژی یەكشەممەی داهاتوەوە دەچێتە بواری جێبەجێكردن و قۆناغی یەكەمی ئاگربەستەكە ماوەكەی 42 رۆژەو تێیدا 33 بارمتەی لای حەماس ئازاددەكرێن و لەبەرامبەردا ئیسرائیل ژمارەیەك لە دیلی فەلەستینی ئازاد دەكات.
ئاوێنە: محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی، سەرۆك وەزیرانی قەتەر، ئەمشەو چوارشەممە، سەركەوتنی هەوڵەكانی نێوەندگیریی بە سەرۆكایەتی ئەمریكا و قەتەر و میسر بۆ گەیشتن بە رێككەوتنی ئیسرائیل و حەماس و ئاگربەست لە غەززە راگەیاند.
سەرۆك وەزیرانی قەتەر وتیشی، رێككەوتنی ئاگربەستەكە لە رۆژی یەكشەممە 19ی ئەم مانگەوە، دەچێتە بواری جێبەجێكردن.
ئەوەشی خستۆتەڕو، لە قۆناغی یەكەمی رێككەوتنەكەدا، كە 42 رۆژ ئاگربەست لەخۆدەگرێت، كشانەوەی هێزەكانی ئیسرائیل بەرەو رۆژهەڵاتی غەززەو دوركەوتنە لە ناوچەكانی نیشتەجێبون لە خۆدەكرێت.
ئەوەشی خستۆتەڕو، رێككەوتنەكە ئازادكردنی بارمتە و دیلەكان لەخۆدەگرێت لەگەڵ گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ شوێنەكانی خۆیان لە غەززە.
هێمای بۆ ئەوەش كرد، لە قۆناغی یەكەمی رێككەوتنەكەدا، هەوڵەكان چڕ دەكرێنەوە بۆ گەیاندنی هاوكاریی مرۆیی بە غەززەو بەگەڕخستنەوەی نەخۆشخانەو بنكە تەندروستییەكان.
ئەوەشی خستۆتەڕو، لە قۆناغی یەكەمدا حەماس 33 بارمتە ئازاد دەكات كە هاوڵاتیانی مەدەنی و سەرباز لەخۆدەگرێت و لەبەرامبەردا ئیسرائیلیش ژمارەیەك لە دیلە فەلەستینییەكان ئازاد دەكات.
وتیشی، وردەكارییەكانی قۆناغی دوەم و سێیەم لەماوەی قۆناغی یەكەمدا رێككەوتنیان لەسەر دەكرێت.
جەختیشی كردەوە كە قەتەر لەگەڵ میسر و ئەمریكا كاردەكەن بۆ گەرەنتیكردنی ئەوەی كە هەردو لایەنی رێككەوتنەكە پابەندییەكانیان بەجێبهێنن لەگەڵ بەردەوامبونی دانوستانەكان بۆ جێبەجێكردنی قۆناغەكانی دیكەی رێككەوتنەكە.