ئه‌حمه‌د شه‌رع پیرۆزبایی ده‌ستبه‌كاربونی دۆناڵد تره‌مپ دەکات
  2025-01-21       321       

ئه‌حمه‌د شه‌رع سه‌رۆكی ئیداره‌ی نوێی سوریا له‌په‌یامێكدا پیرۆزبایی ده‌ستبه‌كاربونی دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی ئه‌مریكای كرد و رایگه‌یاند، به‌وپه‌ڕی خۆشحاڵییه‌وه‌ چاومان له‌ باشتركردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردو وڵاته‌كه‌مانه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای گفتوگۆ و لێكتێگه‌یشتن.

ئاوێنە: ئه‌حمه‌د شه‌رع له‌په‌یامێكدا بڵاویكردۆته‌وه‌، "به‌ناوی سه‌ركردایه‌تی و گه‌لی كۆماری عه‌ره‌بی سوریا پیرۆزبایی له‌ دۆناڵد تره‌مپ ده‌كه‌م به‌بۆنه‌ی ده‌ستبه‌كاربونی وه‌ك 47ه‌مین سه‌رۆكی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، هه‌ڵبژاردنی تره‌مپ "به‌ڵگه‌یه‌كه‌ له‌سه‌ر ئه‌و متمانه‌یه‌ی كه‌ گه‌لی ئه‌مریكا به‌ سه‌ركردایه‌تییه‌كه‌ی به‌خشیوه‌".

ئه‌حمه‌د شه‌رع باسی له‌وه‌شكردوه‌، "ده‌یه‌ی ڕابردو ئازارێكی یه‌كجار زۆری بۆ سوریا هێناوه‌، به‌و پێیه‌ی ململانێكان میلله‌ته‌كه‌مانی وێران كردوه‌ و ناوچه‌كه‌ی ناسه‌قامگیر كردوه‌، متمانه‌مان به‌وه‌ هه‌یه‌ ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌ (تره‌مپ) كه‌ ئاشتی بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌هێنێت و سه‌قامگیری بۆ ناوچه‌كه‌ ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌".

ئه‌حمه‌د شه‌رع له‌ په‌یامه‌كه‌یدا ئه‌وه‌شیخستۆته‌ڕو، "به‌وپه‌ڕی خۆشحاڵییه‌وه‌ چاومان له‌ باشتركردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردو وڵاته‌كه‌مانه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای گفتوگۆ و لێكتێگه‌یشتن، متمانه‌مان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م ئیداره‌ی ئه‌مریكا و سوریا ده‌رفه‌ته‌كه‌ ده‌قۆزنه‌وه‌ بۆ پێكهێنانی هاوبه‌شییه‌ك كه‌ ڕه‌نگدانه‌وه‌ی خواسته‌كانی هه‌ردو وڵات بێت، هیوای دڵسۆزانه‌مان ده‌رده‌بڕین بۆ سه‌ركه‌وتن وه‌ك سه‌رۆك و بۆ گه‌لی ئه‌مریكا به‌ هێز و خۆشگوزه‌رانییه‌كی به‌رده‌وام".

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×