وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا تەواوی هاوكارییە دەرەكییەكان بۆ سەرجەم وڵاتان جگە لە ئیسرائیل و میسر بۆ ماوەی 90 رۆژ رادەگرێت. پێدەچێت راگرتنی هاوكارییەكانی ئەو وڵاتە هێزەكانی پێشمەرگەو هەسەدەش بگرێتەوە.
ئاوێنە: بەپێی هەواڵێكی رۆژنامەی "پۆلۆتیكۆ"ی ئەمریكی ماركۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، خەرجی بۆ زۆرینەی هاوكارییە دەرەكییەكان راگرت بۆ ماوەی (90) رۆژ.
رۆژنامە ئەمریكییەكە ئاماژەی بەوەداوە كە ئەو فەرمانە كە بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی توشی شۆك كردوە، پێدەچێت هاوكارییەكانی ئۆكرانیاش بگرێتەوە.
بەپێی بەڵگەنامەیەك كە رۆژنامە ئەمریكییەكە دەستی كەتوەو، رەوانەی سەرجەم بەرپرسە دیپلۆماسییەكان و كونسوڵخانەكان كراوە، فەرمانی دەستبەجێ دراوە بە راگرتنی سەرجەم هاوكارییە دەرەكییەكان.
رۆژنامەكە هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە ئەم فەرمانە هاوشێوەی فەرمانە جێبەجێكارییەكانی ئەم دواییەی دۆناڵد ترەمپ نیە، بەوپێیەی هاوكارییەكان بۆ ماوەی (90) رۆژ راگیراون و لەچاوەڕوانی پێداچونەوەیدان لەلایەن وەزیری دەرەوەوە.
ئەوەش خراوەتەڕو، بەڵگەنامەكە دەرفەتێكی بۆ شرۆڤەكردن و هەندێك تایبەمەندی هێشتوەتەوە، كە هاوكارییە سەربازییەكان بۆ میسرو ئیسرائیل بەردەوام بن، رێگەشدەدات بە ناردنی هاوكاری خۆراكی بەپەلەو خەرجییە بڕیار لێدراوەكانی پێش ئەو وادەیە.
بەقسەی بەپرسێكی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا كە قسەی بۆ رۆژنامەكە كردوە، پێدەچێت راگرتنەكە ناردنی هاوكاری بۆ هاوپەیمانە سەرەكییەكان لە نمونەی ئۆكرانیاو ئوردون و تایوانیش بگرێتەوە.
هێزە عێراقییەكان بە هێزی پێشمەرگەو هەروەها هێزەكانی سوریای دیموكرات-هەسەدە، بەشێكن لەو لایەنانەی كە سودمەندن لە هاوكارییە دەرەكییەكانی ئەمریكاو پێدەچێت راگرتنی هاوكارییەكان بۆ ماوەی 90 رۆژ ئەوانیش بگرێتەوە.