نوری مالیكی، سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا هۆشداری لەبارەی دوبارەبونەوەی ئەزمونی سوریا لە عێراق دەدات و دەڵێت "تائیفییەكان و بەعسییەكان لەسایەی بێ ئاگایی دەزگا ئەمنییەكاندا دەستیان بە جوڵە كردوە، بەڵام لەبەرئەوەی ئێمە هەین و چەكمان لەدەستدایە، پەشیمان دەبنەوە." هەروەها دژایەتی خۆیشی بۆ یاسای لێبوردنی گشتی دەردەبڕێت.
ئاوێنە: ئەو قسانەی نوری مالیكی لەمیانی وتەیەكیدا هاتون كە ئەمڕۆ شەممە، لە كۆنگرەی دامەزراندنی ئەنجومەنی سەرۆكانی هۆز و خێڵەكانی كەربەلا پێشكەشی كرد.
مالیكی وتی، هەندێك هەوڵ هەن بۆ خۆدزینەوە لە پڕۆسەی سیاسی. هۆشداریشی دا لە بارەی "فیتنەیەك كە ئەگەر روبدات كۆتایی بە هەمو شتێك دەهێنێت و ئەوەشی لە سوریا رویدا باشترین بەڵگەیە."
ئاماژەی بەوەشدا "هۆشداری دەدەین لەبارەی پاشمانەكانی داعش و حزبی بەعسی هەڵوەشاوەو هەندێك دیكە لە دەرونیاندا ئەجێندای دیكەیان هەن، ئەوانە ئامڕازی ئەو فیتنەیەن كە لێی دەترسین."
وتیشی"پاشماوەكانی داعش و حزبی بەعسی هەڵوەشاوەو ئەوانەی كە لە دەرونیاندا ئەجێندای دیكە هەن، فیتنەیان دەوێت بۆ زاڵ بون بەسەر دەسكەوتەكانی گەلدا."
جەختیشی كردەوە كە "هەندێك گوشار هەن كە بەمەبەستی هەڵوەشاندنەوەی دەستەی لێپێچینەوەو دادپەروەری و دەركردنی تیرۆریستان لە زیندان، دەكرێن، بەهیچ شێوەیەك یاسای لێپێچینەوەو دادپەروەری هەڵناوەشێنینەوەو رێگەش بە هاتنەدەرەوەی تیرۆریستان لە زیندانەكان نادەین."
سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا وتیشی"هەندێك هەن دەیانەوێت ئەزمونی سوریا لە عێراق دوبارەبێتەوە، بەڵام عێراق وڵاتێكی سەقامگیرو دیموكراسییە و لەگەڵ ئەوەش كۆسپ و كێشەمان لە كۆمەڵگەكەماندا هەن و دەبێت وریایان بین. تائیفییەكان و بەعسییەكان لەسایەی بێئاگایی دەزگا ئەمنییەكاندا، دەستیان كردوە بە جوڵە، بەڵام لەبەرئەوەی ئێمە هەین و چەكمان لەدەستدایە، پەشیمان دەبنەوە."
مالیكی لەبارەی یاسای لێبوردنی گشتیش كە بەم دواییانە لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەندكرا، وتی، "لێبوردن لە تیرۆریستان بۆ ئەوەی جارێكی دیكە بگەڕێنەوەو بكوژن و سەرببڕن، بەهیچ شێوەیەك رو نادات... بەهیچ شێوەیەك رێگە نادەین هیچ تیرۆریستێكی تۆمەتبارو تاوانبار ئازاد بكرێت."
جەختیشی كردەوە كە دەركردنی یاسای لێبوردنی گشتی، كارێكی "ناتەواوە" رەوانەی دادگای فیدراڵی كراوەو بەهیچ شێوەیەك پەسەند ناكرێت.