ناتانیاهۆ: کۆبوونەوەیەکی زۆر گرنگ لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ ئەنجام دەدەین
  2025-02-02       235       

سەرۆک وەزیرانی ئیسڕائیل پێش دەستپێکی گەشتەکەی بۆ ئەمریکا بۆ میدیای وڵاتەکەی قسەی کرد و جەختی لە گرنگی سەردانەکەی بۆ ئەمریکا کردەوە و ئاماژەی بەوەدا، سەرەتا و پێش هەموو شتێک، سەردانەكە ڕەنگدانەوەی بەهێزی هاوپەیمانی نێوان ئیسرائیل و ئەمریکایە.

ئاوێنە: بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بەسەردانێکی فەرمی بەڕێکەوت بۆ ئەمریکا پێش دەستپێكی گەشتەكەی، جەختی لەسەر گرنگی کۆبوونەوەکە کردەوە و ڕایگەیاند، ئێستا بەرەو واشنتن دەڕۆم بۆ کۆبوونەوەیەکی زۆر گرنگ لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ.

وتیشی، سەرەتا و پێش هەموو شتێک، ئەم سەردانە ڕەنگدانەوەی بەهێزی هاوپەیمانی نێوان ئیسرائیل و ئەمریکایە.

 دەشڵێت، لە میانی كۆبوونەوەمان تیشک دەخەینە سەر قووڵایی پەیوەندییەکەمان- پەیوەندییەک کە پێشتر دەستکەوتی گەورەی بۆ ئیسرائیل و ناوچەکە بەدەستهێناوە، لەوانەش ڕێککەوتنە مێژووییەکانی ئاشتی نێوان ئیسرائیل و چوار دەوڵەتی عەرەبی- ڕێککەوتنەکانی ئەبراهام کە دۆناڵد ترامپ سەرۆکایەتی دەکات.

ئەوەشی خستەڕوو، من پێموایە لە کۆبوونەوەکانماندا باس لە پرسە گرنگەکانی بەردەممان دەکەین- شکستی حەماس، گەڕانەوەی هەموو بارمتەکانمان و ڕووبەڕووبوونەوەی بەرەی ئێران بە هەموو شێوەکانییەوە، کە نەک تەنها ئاسایشی ئیسرائیل، بەڵکو هەڕەشەیە لە سەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەموو جیهان.

ئەم سەردانەی سەرۆک وەزیرانی ئیسڕائیل لە کاتێکدایە، کە لەدوای دەستبەکاربونی ترامپ وەک سەرۆکی ئەمریکا یەکەم دیداریی نێوانیانە بە تایبەت دووای ڕاگەیاندنی ئاگربەستی نێوان حەماس و ئیسڕائیل، هاوکات گۆڕانکارییەکانی نەخشەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست کە لە سووریاوە بە ڕوخاندنی ڕژێمی سوریا دەستی پێکردووە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×