دادگای فیدراڵی وەڵامی ئەنجومەنی باڵای دادوەری دەداتەوە: بڕیارەكانمان پابەندكەرن
  2025-02-05       422       

دادگای فیدراڵی وەڵامی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق دەداتەوە لەبارەی فەرمانە وەلائییەكانیان بۆ راگرتنی جێبەجێكردنی ئەو سێ یاسا جێ مشتومڕەی كە بەم دواییانە لەلایەن پەرلەمانەوە جێبەجێكران و دەڵێت، بڕیارەكانمان بەگوێرەی دەستور و یەكلاكەرەوەو پابەندكەر بۆ هەمو دەسەڵاتەكان.

ئاوێنە: دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، لە رونكردنەوەیەكدا جەختی كردەوە كە بەپێی ماددەی 94ی دەستور، بڕیارەكانی دادگاكەیان یەكلاكەرەوەو پابەندكەرن بۆ تەواوی دەسەڵاتەكان.

ئەوەشی خستۆتەڕو، دەقە دەستورییەكە سەرجەم حوكم و بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی دەگرێتەوە بە فەرمانە وەلائییەكانیشەوە.

ئەوەش لەكاتێكدایە كە پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە راگەیەندراوێكدا وتی، ئەمڕۆ ئەنجومەنەكەیان لەبارەی فەرمانێكی وەلائی دادگای فیدراڵییەوە كۆبۆتەوە كە تێیدا بڕیاردراوە بە راگرتنی هەر سێ یاسای هەمواری لێبوردنی گشتی، هەمواری یاسای باری كەسێتی و یاسای گەڕاندنەوەی موڵك بۆ خاوەنەكانی.

ئەنجومەنی باڵای دادوەری ئاماژەی بەوەداوە كە بەپێی ماددەكانی 93 و 129ی دەستور، یاسایەك بۆ ئەوەی تانەی لێبدرێت پێویستە دوای دەرچونی لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە لە رۆژنامەی رەسمی بڵاوبكرێتەوە بۆ ئەوەی ببێتە یاسایەك بۆ تانەدان.

جەختیشی كردۆتەوە كە ناكرێت یاسایەك كە هێشتا لە رۆژنامەی رەسمی بڵاونەكراوەتەوە بڕیار بدرێت بە راگرتنی جێبەجێكردنی، لەكاتێكدا فەرمانە وەلائییەكەی دادگای فیدراڵی بڕیاریداوە بە راگرتنی هەمواری یاسای باری كەسێتی و یاسای گەڕاندنەوەی موڵك بۆ خاوەكانی، وێڕی ئەوەی ئەو دو یاسایە هێشتا لە رۆژنامەی رەسمی بڵاونەكراونەتەوە.

هەروەها هێمای بۆ ئەوەش كردوە ماددەی 129ی دەستور، رێگری لە راگرتنی جێبەجێكردنی یاساكان دەكات وەك ئەوەی لە فەرمانە وەلائییەكەی دادگای فیدراڵیدا هاتوە لەبارەی هەمواری یاسای لێبوردنی گشتی.

ئەوەشی خستۆتەڕو، دادگای فیدراڵی فەرمانە وەلائییەكەی بە یەكلاكەرەوەو پابەندكەر بۆ تەواوی دەسەڵاتەكان ناوبردوە لەكاتێكدا ئەوە پێچەوانەی دەقەكانی یاسای دادبینی مەدەنییە كە پشتی پێ بەستوەو هەروەها پێچەوانەی ماددەی 39ی پەیڕەوی ناوخۆی دادگای فیدراڵی خۆیەتی.

ئەنجومەنی باڵای دادوەری جەختی كردۆتەوە كە فەرمانە وەلائییەكان بریتین لە بڕیاری كاتی و خاوەنی هێزی یەكلاكەرەوەو پابەندكەر نین كە ئەوانەی تایبەتمەندیی حوكمە كۆتاییەكانن بۆ یەكلاكردنەوەی بابەتێكی جێی ناكۆكی.

ئەنجومەنەكە جەختیشی كردۆتەوە، دادگاكان پابەندن بە جێبەجێكردنی هەمواری یاسای لێبوردنی گشتی كە لەلایەن پەرلەمانەوە دەنگی لەسەردراوەو هەروەها ماددەی 129ی دەستور رێگریشی كردوە بە راگرتنی جێبەجێكردنی یاساكان تا ئەو كاتەی بڕیارێكی یەكلاكەرەوە لەبارەیانەوە دەردەچێت یاخود لایەنی دەركەر خۆی یاساكە هەڵدەوەشێنێتەوە.

وتوشیەتی، بۆیە لەسەر دادگاكانە كە بەردەوام بن لەسەر جێبەجێكردنی هەمواری یاسای لێبوردنی گشتی بەپێی دەقەكانی یاساكەو ئەو رێنماییانەی كە لەبارەی جێبەجێكردنی یاساكەوە لەلایەن ئەنجومەنی باڵای دادوەرییەوە دەركراون.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×