وەزیری بەرگریی سوریا: هیچ خواستێكمان نییە بۆ بەكارهێنانی رێگەی سەربازی لەدژی هەسەدە
  2025-02-07       713       

وەزیری بەرگریی سوریا جەخت دەكاتەوە كە رێككەوتنیان لەگەڵ هەسەدە، چارەسەرێكی ئاشتیانە دەبێت و بەكارهێنانی رێگەی سەربازی دەبێتە مایەی رشتنی خوێن لە هەردولا و هیچ خواستێكیان نییە بۆ بەكارهێنانی رێگەی سەربازی. لەگەڵ ئەوەش دەڵێت، سوپاكەیان ئامادەیە بۆ هەر سیناریۆیەك.

ئاوێنە: مورهەف ئەبو قەسرە، وەزیری بەرگریی سوریا، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ رۆژنامەی واشنتۆن پۆست وتویەتی، حكومەتی دیمەشق دانوستان لەبارەی ئایندەی بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا و توركیا لە سوریا دەكات.

وتیشی، رێككەوتنە سەربازییە نوێیەكان لەگەڵ ئەنقەرە كەمكردنەوە یاخود دوبارە دابەشكردنەوەی هێزەكانی توركیا لە سوریا لەخۆدەگرێت.

لەبارەی دانوستانەكانی دیمەشق لەگەڵ هێزەكانی سوریای دیموكرات-هەسەدە، ئەبو قەسرە لەگەڵ ئەوەی ئامادە نەبوە باس لە وردەكارییەكان بكات، بەڵام وتویەتی، پێموایە ئەو كێشەیە لەڕێگەی دیپلۆماسییەوە چارەسەر دەكرێت و ئاماژەی بەوەشداوە، حكومەتی دیمەشق، پێشنیارێكی هەسەدەی رەتكردۆتەوە كە هێزەكانی ئەوان بخرێتە سەر وەزارەتی بەرگری وەك یەكەیەكی سەربازی.

وتیشی، ئامانجی محەمەد شەرع ئەوەیە كە ناوچەكانی باكور و رۆژهەڵاتی سوریا لەژێر دەسەڵاتی دیمەشقدا بن و حكومەتی سوریا كۆنترۆڵی زیندانەكانی ناوچەكە بكات.

جەحتیشی كردۆتەوە، بەكارهێنانی رێگەی سەربازی لە دژی هەسەدە دەبێتە مایەی رشتنی خوێن لە هەردولا. وتیشی"بەپێی هەڵسەنگاندنی ئێمە چارەسەرەكە ئاشتییانە دەبێت. ئێمە هیچ خواستێكمان بۆ چارەسەری سەربازی نییە." لەگەڵ ئەوەش ئاماژەی بەوەداوە كە سوپاكەیان ئامادەیە بۆ هەر سیناریۆیەك.

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا وەزیری بەرگریی سوریا ئاماژەی بەوەداوە كە نزیكەی 100 گروپی چەكدار لە سوریا رازی بون بچێنە ژێر چەتری وەزارەتی بەرگری، بەڵام ژمارەیەكی دیكەش رەتیان كردۆتەوە لەنێویشیاندا ئەحمەد عۆدە، كە سەركردەی گروپێكە لە باشوری سوریا و رەتیكردۆتەوە هێزەكەی سنورداربكرێت لەژێر دەسەڵاتی دەوڵەتدا.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×