كابینەی نوێی حكومەت لە لوبنان راگەیەندرا
  2025-02-08       343       

دوای چەند هەفتەیەك لە وتووێژی چڕ و لەبەر رۆشنایی گۆڕانكاری تەرازووی هێزدا لەو وڵاتە، بەدیاریكراوش لاوازبوونی حزبوڵا و هەژموونی ئێران لە لوبناندا. سەرۆكایەتیی كۆماری لوبنان پێكهێنانی حكومەتی نوێی بە سەرۆكایەتیی (نەواف سەلام) رایگەیاند. سەرۆكایەتییەکە ئاماژە بەوەشکردووە کە شیعە پێنج وەزارەتی بردووە، بەڵام چوار وەزیری داناوە.

ئاوێنە: سەرۆكایەتیی كۆماری لوبنان رایگەیاند "سەرۆك جۆزێف عەون ئیمزای كردووە لەسەر مەرسومی قبوڵكردنی دەستلەكاركێشانەوەی (نەجیب میقاتی) لە پۆستی سەرۆك وەزیران و؛ مەرسومی راسپاردنی (نەواف سەلام) بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ كەلە ٢٤ وەزیر پێكبهێنرێت".

سەرۆکایەتیەکە ئاماژەی بەوەشداوە، مەرسومەكانی سەرۆك كۆمار دوای ئەوە هات، ئەو گرێیە كرایەوە كە لەبەردەم پرۆسەی پێكهێنانی حكومەتی نوێدا لە لوبنان دروست ببوو، گرێی زیادكردنی وەزیری پێنجەم بوو بۆ پێكهاتەی شیعە؛ ئەمەش لە كۆبوونەوەیەكی سێقۆڵی نێوان (جۆزیف عەون و نەبیە بڕی و نەواف سەلام)دا رێككەوتنی لەسەر كرا، بەپێی قسەی سەرچاوەكان هەرسێكیان لەسەر ئەوە رێككەوتوون پۆستە وزارییە زیادكراوەكەی شیعە بدەن بە (فادی مەكی).

ئەوەشی رونکردووەتەوە "سەرباری ئەوەی نەواف سەلامی سەرۆكی حكومەتی نوێ رەزامەندی نیشانداوە لەسەر ئەوەی پێنج وەزارەت بدات بە دووانەی نوێنەری شیعە (حیزبوڵا و بزوتنەوەی ئەمەل)، بەڵام مەرجی ئەوەی داناوە ئەوان تەنیا چوار لە وەزیرەكان دابنێن و وەزیری پێنجەم لە كۆبوونەوە سێ قۆڵییەكەدا بڕیاری لەسەر درا، ئەمە هۆكار بوو بۆ دواكەوتنی راگەیاندنی حكومەت لە لوبنان".
سەرۆكایەتیی كۆماری لوبنان وتوشیەتی "حكومەتی نوێی نەواف سەلام لەگەڵ دەستبەكاربوونیدا رووبەڕووی چەند ئاڵنگارییەكی گەورە دەبێتەوە لەوانە دووبارە ئاوەدانكردنەوەی ئەو ناوچانەی كە بەهۆی جەنگی حزبوڵا و ئیسرائیلەوە زیانیان بەركەوتووە، هەروەها جێبەجێكردنی رێككەوتنی ئاگربەست كە ئیسرائیل پابەند دەكات بەكشانەوە لە ناوچەكانی باشور و پابەندبوونیش بە بڕیاری ١٧٠١ی ساڵی ٢٠٠٦ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی لەخۆدەگرێت، كە یەكێك لە بەندەكانی ئەوەیە حزبوڵا لە ناوچە سنورییەكان دوربكەوێتەوە و گروپە چەكدارەكانی لوبنان لە چەك دابماڵدرێن و چەك تەنیا لەدەستی دەوڵەتدا بێت".

هاوکات بەگوێرەی ئەو رێككەوتنەی كە لیژنەیەك بە سەرۆكایەتیی ئەمریكا و فەڕەنسا سەرپەرەشتی دەكەن، تاوەكو ٢٦ی ئەم مانگی رابردوو دەرفەت لەبەردەم ئیسرائیلدا هەبوو بۆ ئەوەی هێزەكانی لە باشوری لوبنان بكێشێتەوە، بەڵام ئیسرائیل دەڵێ بەهۆی ئەوەی لوبنان بەتەواوەتی بڕگەكانی رێككەوتنەكەی جێبەجێنەكردووە و ئێمەش بۆ ماوەیەكی زیاتر لە باشور دەمێنینەوە.

هەروەها لوبنان بەوە ئیسرائیل تۆمەتبار دەكات "دەستی بەدەستیی" دەكات لە جێبەجێكردنی رێككەوتنەكەدا، ٢٧ی مانگی رابردوو حكومەت رایگەیاند رەزامەندی نیشانداوە لەسەر درێژكردنەوەی وادەی جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە تاوەكو ١٨ی شوبات ئەمەش دوای نێوەندگیرییەكی ئەمریكا.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×