سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ڕایگەیاند، كۆمسیۆن ئامادەكارییەكانی لە لایەنی تەكنیكی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ٢٠٢٥ دەستیپێكردووە، لە ئێستادا ناوەندەكانی تۆماركردن لە پارێزگاكان سەرقاڵی تۆماركردنی بایۆمەتری دەنگدەرانن.
ئاوێنە: دادوەر عومەر ئەحمەد سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق سەبارەت بە ئامادەكارییەكان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕایگەیاند، كۆمسیۆن ئامادەكارییەكانی لە لایەنی تەكنیكی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ٢٠٢٥ دەسیتپێكردووە، لە ئێستادا بەشەكانی كۆمسیۆن ڕاوێژ و هەماهەنگی ئەنجام دەدەن بۆ ئامادەكردنی خشتەی كاتی بە مەبەستی ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردن.
ئاماژەی بەوەشكرد، لە ئێستادا ناوەندەكانی تۆماركردن لە پارێزگاكان سەرقاڵی تۆماركردنی بایۆمەتری دەنگدەرانن.
دەشڵێت، پڕۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران ٤٥ ڕۆژ پێش كۆتایی هاتنی خولی ئێستای پەرلەمان ئەنجام دەدرێت، كۆمسیۆن ئامادەیە بۆ ئەنجامدانی پرۆسەكە لەو بەروارەی كە پەسەند دەكرێت.
باسی لەوەشكرد، كۆمسیۆن هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی دەكات بۆ تەرخانكردن دارایی پێوست بۆ ئەنجامدانی پرۆسەكە، ئێمە بە تەواوی ئامادەین بۆ ئەوەی پرۆسەی هەڵبژاردنی داهاتوو بە پێی ستانداردە نێودەوڵەتییەكان بە سەركەوتوویی بەڕێوە ببەین.
ئەوەشی خستەڕوو، سیستەمی هەڵبژاردن بەپێی یاسای پێشوو پەسەند كراوە، بەهەمان شێوەش بەڕێوە دەچێت، واتا فرە بازنەیی دەبێت.
لە كۆتایدا وتی: كۆمیسیۆن لیژنەی باڵای بۆ چاودێرانی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی پێكهێنا، تیمەكانی چاودێری نێودەوڵەتی بانگهێشت كراون، هەروەها كارتی ناسنامەی بۆ ئاسانكاری ئامادەبوونیان لە سەرجەم ناوەندەكانی دەنگدان لە سەرجەم پارێزگاكان دەردەكات.
بڕیارە مانگی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت، ئەگەر هیچ كێشە و ئاڵۆزییە لە ناوخۆیی وڵاتدا ڕوونەدات، بەشێك لەلایەنە سیاسیەكان لە ئێستادا هەوڵی هەموواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن دەدەن.