رونكردنەوەی سەرۆكایەتی كۆمار لەبارەی سكاڵاكەی لەسەر سودانی
  2025-02-10       725       

بەڕێوەبەری گشتی پەیوەندییەكان لە سەرۆكایەتی كۆمار رایگەیاند، سەرۆك كۆماری عێراق دژی هیچ دەسەڵاتێكی دەستوری نییە لە وڵاتداو ئەو سكاڵایەشی كە لە دادگای فیدراڵی بۆ چارەسەركردنی قەیرانی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم تۆماركراوە، لە هەستكردن بە بەرپرسیارێتی نیشتمانی بەرامبەر بە توێژێكی بەرفراوانی هاوڵاتیانەوە، سەرچاوەی گرتوە.

ئاوێنە: هاوڕێ تۆفیق، بەڕێوەبەری گشتی پەیوەندییەكان لە سەرۆكایەتی كۆماری عێراق، ئەمڕۆ دوشەممە، راگەیەندراوێكی لەبارەی ئەو سكاڵایە بڵاوكردەوە كە لەلایەن سەرۆك كۆمارەوە لەسەر هەریەكە لە محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق و تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق لە دادگای فیدراڵی لەبارەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم تۆماركراوە.

لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، سەرۆك كۆمار دژی هیچ دەسەڵاتێكی دەستوری نییە لە وڵاتدا و ئەو سكاڵایەی لەلایەن سەرۆكایەتی كۆمارەوە لە دادگای فیدراڵی تۆماركراوە بۆ چارەسەركردنی قەیرانی موچەی فەرمانبیەرانی هەرێم، لە هەستكردن بە بەرپرسیارێتی نیشتمانی بەرامبەر بە توێژێكی بەرفراوانی عێراقییەكانەوە هاتوە كە ناڕەزایەتییە جەماوەرییەكان و مانگرتن لە خواردنی كۆمەڵێك لە مامۆستایان و فەرمانبەران بۆتە هۆی داخستنی بەشێكی زۆر لە قوتابخانەو ناوەندەكانی خوێندن و بێبەشبونی خوێندكاران لە خوێندن.

هێمای بۆ ئەوەش كردوە، هەروەها ئامانج لە سكاڵاكە دۆزینەوەی چارەسەرێكی گونجاو و دەستورییە بۆ كێشەكانی نێوان حكومەتی فیدراڵی و حكومەتی هەرێم.

ئەوەش خراوەتەڕو، سەرجەم هەوڵەكانی سەرۆك وەزیران لەگەڵ حكومەتی هەرێم بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ كێشە داراییەكان بەرزدەنرخێنین و جەختیش دەكەینەوە لەسەر گرنگی پابەندبونی حكومەتی هەرێم بە جێبەجێكردنی بڕگەكانی هەمواری یاسای بودجەو رادەستكردنی داهاتە نەوتی و نانەوتییەكان بە حكومەتی فیدراڵ.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×