لە ئەنبار گۆڕێكی بە كۆمەڵ هەڵدەدرێتەوە
  2025-02-12       212       

دوای ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوو ژمارەیەك ئەفسەری سەربازی ڕژێمی پێشوو كە بكوژی باوك و خێزانی موقتەدا سەدر بوون، دەستگیركران، ئەمڕۆ بە بەشداریی ئەو تاوانبارانە و بە بەشداریی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و دەزگای شەهیدان و تیمێكی دەزگاكە گۆڕێكی بەكۆمەڵ لە پارێزگای ئەنبار هەڵدەدرێتەوە.

ئاوێنە: میدیا عێراقییەكان سەبارەت بە دۆزینەوەی گۆڕێكی بە كۆمەڵ لە پارێزگای ئەنبار و پشكنینی گۆڕە بەكۆمەڵەكان، زانیاری نوێ دەخەنەڕوو، ئەمڕۆ بە بەشداریی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و دەزگای شەهیدان و تیمێكی دەزگاكە گۆڕێكی بەكۆمەڵ لە شارەدێی سەقڵاوییەی سەر بە شارۆچكەی فەللوجە لە پارێزگای ئەنبار هەڵدەدرێتەوە.

ئاماژە بەوشكراوە، گۆڕەكە ڕووفاتی ژن و پیاوی تێدایە و ژمارەیان لە ٢٠ بۆ ٢٥ كەس پێكدێت، شوێنی ئەشكەنجەدان و لە سێدارەدانیان پێوە دیارە.

ئەوەش خراوەتەڕوو، لە هەڵكۆڵینەكانی سەرەتایی تا ئێستا پاشماوەی زیاتر لە پێنج كەس دەركەوتووە، كە بەپێچەوانەی بنەماكانی شەریعەتی ئیسلام بەخاك سپێردراون.

جێگای ئاماژەیە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوو ژمارەیەك ئەفسەر و سەربازی ڕژێمی پێشوو كە بكوژی باوك و خێزانی موقتەدا سەدر بوون، لە هەولێر دەستگیركران، دواتر دانیان بە تاوانەكانیاندا نا، یەكێك لەو تاوانبارانە لە شوێنی گۆڕە بە كۆمەڵەكانە، پێدەچێت ئەو ناوچەیە شوێنی ناشتنی كەس و كارەكەی موقتەدا سەدر بێت.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×