پەرلەمانتارێكی عەسائیبی ئەهلی حەق ڕایگەیاند، ڕێگە نادەین محەمەد جولانی سەرۆكی دەستەی تەحریر شام یان نوێنەرەكەی لە لوتكەی عەرەبی لەبەغدا ئامادە بێت، ئەمە لەكاتێكدایە، وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕایگەیاندبوو: بە فەرمی بانگهێشتی جۆلانی بۆ كۆبوونەوەی لوتكەی عەرەبی دەكەن.
ئاوێنە: عەلی توركی پەرلەمانتاری فراكسیۆنی سادقون، كە باڵی سیاسی “عەسائیبی ئەهلی حەق”ە سەبارەت بە سەردانی محەمەد جولانی سەرۆكی دەستەی تەحریر شام بۆ عێراق و ناڕەزایەتیان، بۆ كەناڵی ” العهد” دەدوێت.
عەلی توركی وتی: ئەگەر جولانی بانگهێشتی بەغدا بكرێت، پرسیارێكی پەرلەمانی ئاراستەی سەرۆكوەزیران دەكەین، چونكە نابێت حكومەتی عێراق بانگهێشتی بكوژێك بكات.
ئاماژەی بەوەشكرد، ڕێگە نادەین محەمەد جولانی سەرۆكی دەستەی تەحریر شام یان نوێنەرەكەی لە لوتكەی عەرەبی لە بەغدا ئامادە بێت، تەنانەت بوونی پەیوەندی لەگەڵ سووریاش لە سەردەمی جولانیشدا بە هیچ شێوەیەك قبوڵ ناكەین.
پێشتر فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق ڕایگەیاندبوو، وڵاتەكەی هیچ ڕەخنەیەكی نییە لە مامەڵەكردن لەگەڵ سەركردایەتی نوێی سووریا، هەروەها لە مانگی ئایاردا لوتكەی كۆمكاری عەرەبی لە بەغدا بەڕێوە دەچێت و بانگهێشتنامەیەك ئاراستەی سەرجەم سەركردەكانی وڵاتانی عەرەبی دەكات، لەوانەش جۆلانی.