ئا: شەنگە دارا
ئالؤزبوونی ژیانو داخوارانی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانو تەشەنەنسەندنی تەکنەلۆجیاو نایەکسانیو جیاوازی چینایەتی، بووەتە هۆکاری زیاتر دەرکەوتنی نەخۆشییە دەرونییەکان، رێنمایکارێکی دەرونی دەڵێت "سێ لەسەر چواری تووشبووان بەنەخۆشییە دەرونیەكان گەنجاننو لەتەمەنی 24 ساڵیەوە نەخۆشییەکانیان دەردەكەون".
بەهار حسێن، خانمێکی تەمەن ٣٤ی دانیشتووی هەولێرەو خاوەنی ٢ منداڵە، باسی تووشبوونی خۆی بەخەمۆکی توند بۆ پەیامنێری ئاوێنە دەگێڕێتەوە، بەهار وتی "دوای لەدایکبوونی منداڵی دووەمم تووشی خەمۆکی توند هاتم، لەئەنجامی زۆر بیرکردنەوە لەمەینەتیو کوێرەوەریمان، چونکە باری داراییمان باش نەبوو، ئەمەش وایکرد زۆربەی کاتەکانم بەخەمو پیش خوارنەوە بەسەربەرمو مەراقم کرد، ماوەیەکی زۆر سەردانی پزیشکی دەرونیم کرد، بەڵام حاڵەتەکەی من چارەسەری بەقسە نەدەکرا، بۆیە پزیشک دەرمانی بۆ دانام".
وتیشی "چەندین جەلسەم بۆ کرا تا کەمێک باشتر بوو، بەڵام هێستا بەتەواوی خەمۆکیم بەجێنەهێشتووە".
لەکوردستاندا بەهۆی ئاڵۆزیی ژیانو تەشەنەسەندنی تەکنیکو تەکنەلۆجیاو پاشەکشەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانو قەیرانی داراییو نایەکسانیو نادادپەروەریی کۆمەڵایەتیو هەژارییو بێکاریی، لەم ساڵانەی دواییدا نەخۆشییە دەرونییەکان زیاتر بڵاوبونەتەوە.
د.دانیاڵ سەعدی، پزیشکی پسپۆڕی دەرونیو مامۆستای زانکۆ ئاماژە بەوە دەکات جۆرەکانی نەخۆشی دەرونی زۆر زۆرنو هەر جۆرەشی دابەش دەکرێت بۆ چەند بەشێک، ئەو بەئاوینەی وت "بۆ نمونە نەخۆشی خەمۆکی زیاد لە ٩ جۆرمان هەیە، هەروەها شیزۆفرینیا، دڵەڕاوکێ، زەبری دوای فشار، وەسواسی، تەنگژەی میزاجی".
وتیشی "٢٠٪ی خەڵک حاڵەتی دڵەڕاوکێی هەیە، ١٪ی خەڵک نەخۆشی شیزۆفرینیایان هەیە، لەکاتێکدا تووشبووانی نەخۆشی خەمۆکی جاران ٣٪ تێپەڕ نەدەبوو، بەڵام ئێستا گەیشتۆتە ٦٪، بۆیە بەدڵنیایەوە نەخۆشی دەرونی زیادی کردوە لەچاو ساڵانی پێشوو، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ زیادبوونی ژمارەی دانیشتوانو زۆربونی پزیشکی دەرونی، هۆکارێکی تریش ئەوەیە خەڵک لەخۆی دەپرسێتەوە، ئێستا خەڵک زۆر بیردەکاتەوە، سۆشیاڵ میدیاو پێشکەوتنی تەکنەلۆژیاش ڕۆڵی هەیە لەزیادبوونی نەخۆشی دەرونی، کەمبوونەوەی قەناعەتیش لەناو خەڵکدا هۆکارە بۆ نەخۆشی دەرونی".
د.دانیاڵ ئەوەش رووندەکاتەوە کە مامەڵەی خێزان، مامۆستا، شوێنی کار هەموو ئەمانە هۆکارنو کار دەکەنە سەر کەسەکان بۆ ئەوەی تووشی نەخۆشی بن، ئەو وتی "حاڵەتەکان جیاوازن بەپێی نەخۆشییەکان، بۆ نمونە شیزۆفیرینیا ژنو پیاو وەک یەک تووشی دەبن، خەمۆکی خانمان ٣ ئەوەندەی پیاوان تووشی دەبن، حاڵەتی ئاڵودەبوون پیاو زیاتر تووش دەبن".
وتیشی "ئەوەی کە تووشی نەخۆشی دەرونی دەبێت واتە گۆڕانکاریی کیمیایی لەگەیەنەرە دەماریەکانی مێشکی ڕووی داوە، بۆیە دەتوانین بڵێین ٩٩٪یان پێویستیان بەچارەسەرە لەڕێگەی دەرمانەوە، هەندێک حاڵەتی کەمیش هەیە کە پێویستیان بەدەرمان نیە وەک ئەو کەسەی کە فۆبیای بەپشیلە هەیە تەنها پێویستی بەچارەسەری ئاساییە".
پسپۆڕان باس لەوە دەکەن کە نەخۆشییە دەرونیەكان جەندین جۆریان هەیەو بەچەند شێۆازێك كار لەژیانی ڕۆژانەمان دەكەن، هەندێك جار تووشی فۆبیامان دەكەن، بەڵام هەندێك جار هێندە مەترسیدارن كە پێویست دەكات كەسەكە ببرێتە نەخۆشخانە.
م.یوسف عومەر، ڕێنماییکاری دەرونی ئاماژە بەوە دەکات کە لەهەموو حاڵەتێکدا مرۆڤ ئەگەری تووشبوونی بەنەخۆشی دەرونی هەیە، وەکو هەموو نەخۆشیەکانی تریش پێویستی بەچارەسەرە، ئەو بەئاوێنەی وت "هۆکارەکانی زیادبوونی نەخۆشییە دەرونییەکان فرە لایەنن، بۆ نمونە هۆکارە کۆمەڵایەتییەکان کە بریتین لەبارگرانی ژیانی ڕۆژانە لەسەر تاکو هەژاریو بێکاریو نایەکسانیو جیاوازی چینایەتی لەکۆمەڵگادا، هەروەها لاوازبوونی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، لەئێستادا تەنیاییو گۆشەگیریو بوونی کێشە خێزانییەکانوهەڵوەشانەوەی خێزانو کاریگەری سۆشیال میدیاو ڕاگەیاندن لەسەر دەرونی تاکو خێزان، لەهەمانکاتیشدا ژینگەی نیشتەجێبوون کاریگەری خۆی لەسەر دەرونی تاک جێدەهێڵێت".
وتیشی "لەلایەکی تریشەوە هۆکارە بۆماوەییو جیناتەکان کاریگەری خۆی هەیە لەسەر تووشبوون بەنەخۆشی دەرونی، چونکە لەهەندێ خێزاندا نەخۆشیە دەرونیەکان بۆماوەییە، هەروەها ڕووداوە ناخۆشەکانی ژیانو کێشەی تەندروستیو بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر، هەموو ئەمانە بەشێوەیەک لە شێوەکان هۆکارن بۆ زیادبوونی نەخۆشیە دەرونیەکان لەکۆمەڵگادا".
م.یوسف ئاماژە بەوە دەکات کە بەگشتی نەخۆشی دەرونی دەتوانێت کاریگەری دوورمەودای لەسەر کۆمەڵگا هەبێت، بۆیە پێویستە هاوسۆزی لەگەڵیان دەرببڕدێتو بەتێگەیشتنەوە مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت بۆ ئەوەی هەست بەشەرمەزاری نەکەنو تانەو توانجیان لێنەدرێتو بەڕێزەوە گوێ لەکێشەکانیان بگیرێت، ئەو وتی "دەبێت بە بەردەوامی پشتگیری بکرێن بۆ ئەوەی هەست بکەن ئەوان تەنیا نینو خێزان پاڵپشتیانە، لەهەمانکاتیشدا بیانپرێزن لە ڕەخنەگرتنو سووکایەتی پێکردنیان لەلایەن بەشێک لەخەڵکییەوە، چونکە زۆرجار وشەی نەشیاویان بەرامبەر بەکاردەهێنرێت، ئەمەش حاڵەتەکە خراپتر دەکات".
وتیشی "نەخۆشیە دەرونیەکان وەکو هەموو نەخۆشیەکانی تر شایەنی ئەوەیە کە چارەسەر بکرێتو هیج نەنگیو شەرم نیە کە سەردانی پزیشک بکەیتو داواکاری هاوکاری بکەیت، هەموو كەسێك دەكرێت دووچاری نەخۆشی دەرونی ببێتەوە، بەبێ جیاوازی لەتەمەن، ڕەگەز، ناوچە، داهات، پلەو پۆست، هەرچەندە نەخۆشی دەرونی دەكرێت لەهەر تەمەنێكدا ڕووبدات، بەڵام سێ لەسەر چواری تووشبوقوان بەنەخۆشییە دەرونیەكان گەنجاننو لەتەمەنی 24 ساڵیەوە نەخۆشییەکانیان دەردەكەون".

ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات
ئاوێنە بۆ ماوەی دوو ساڵی داهاتوو پڕۆژەیەکی میدیایی هاوبەش بەسپۆنسەری "قەریب" بەڕێوەدەبات.
لەم پڕۆژە میدیاییەدا بایەخێکی تایبەت دەدرێت بەگەنجانو ژنانو پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمو حکومەتی ناوەندی عێراقو هەڵبژاردنی کوردستان.
لەچوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا، ئاوێنە بەشێوەیەکی پیشەیی کار لەسەر ئەو بابەتانە دەکاتو چەندین راپۆرتو فیچەر پێشکەش بەخوێنەرو بینەرانی دەکات.
"قریب" بەرنامەیەکی هەرێمایەتییە بەسپۆنسەری ئاژانسی فەرەنسی بۆ پەرەپێدان "AFD"و لەلایەن ئاژانسی فەرەنسی بۆ گەشەپێدانی میدیایی CFI جێبەجێدەکرێت.