وەزارەتی دەرەوەی عێراق: پێشوازی لە بانگەوازەكەی ئۆجەلان دەكەین
  2025-02-28       206       

وەزارەتى دەرەوەى عێراق پێشوازى لە بانگەوازەکەى عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەرى زیندانیکراوى پەكەكە بۆ دانانى چەک دەكات و دەڵێت، هەنگاوێكی ئەرێنی و گرنگە بۆ هێنانەدی سەقامگیریى لە ناوچەکە.

 ئاوێنە: وەزارەتەكە لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی، عێراق پێشوازی لە بانگەوازەكەی ئۆجەلان دەكات بۆ دانانی چەك و بە هەنگاوێكی ئەرێنی و گرنگی دەزانێت بۆ هێنانەدی سەقامگیریی لەناوچەكە.

ئەوەشی خستۆتەڕو، ئەم هەنگاوە دەستپێشخەرییەكی زۆر گرنگە بۆ پتەوکردنى ئاسایش نەک تەنیا لە عێراق کە چەکدارانى پەکەکە لە ناوچە جیاوازەکانى هەرێمى کوردستان و چەند ناوچەیەکى دیکەن، بەڵکو بۆ سەرانسەرى ناوچەکەش گرنگە.

وەزارەتى دەرەوەى عێراق جەختیکردەوە چارەسەرى سیاسی و دیالۆگ دو باشترین رێگەن بۆ چارەسەرکردنى ناکۆکییەکان و کۆتاییهێنان بە کێشەکان کە لە بەرژەوەندیى هەمو لایەنەکان بێت و پێکەوە ژیانى ئاشتییانە بەهێز بکات.

 هەروەها وەزارەتى دەرەوەى عێراق پاڵپشتیی خۆى بۆ هەمو هەوڵەکان دەربڕیوە بۆ چارەسەرکردنى کێشەکان لە رێگەى دیالۆگ و هیواى خواستوە کە بانگەوازەكەی ئۆجەلان بکرێتە هەنگاوى کرداریی و خێرا بۆ ئەوەى پەکەکە چەک دابنێت.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×