بەڕێوەبەری ڕوانگەی سوریایی بۆ مافەكانی مرۆڤ دەڵێت: بانیاس بەتەواوی دەستی بەسەردا گیراوەتەوە لەلایەن چەكدارانی سەر بە ئەحمەد شەرعەوە، هیچ زیانێكیش لە تەرتوس نەبووە.
ئاوێنە: رامی عەبدوڵ رەحمان بۆ كەناڵی مەشهەد دەڵێت "تێكهەڵچوون لە شارۆچكەی جەبلە لە ریفی لازقییە بەردەوامە، هەروەها هێرشكراوەتە سەر قەردەحە، هاوكات ئۆپەراسیۆنەكان لە گەڕەكەكانی لازقیە بەردەوامە".
رامی عەبدول عەبدول ڕەحمان ئاشكرایكردووە زیانە مرۆییەكان زۆر زیادیانكردووە، بەجۆرێك كۆمەڵكوژیی لە گوندی مختاریە و گوندەكانی باكوری لازقییە روویداوە، لەوێ ٥٢ كەسی عەلەوییەكان كوژران.
دەشڵێت "ژمارەی كوژراوەكان لە گرژییەكانی نێوان هێزە چەكدارەكانی سەر دەسەڵاتی نوێی دیمەشق و گروپە چەكدارەكانی عەلەوی، گەیشتوەتە ١٢٠ كەس، كە ٣٦ كەسیان لە وەزارەتەكانی بەرگری و ناوخۆی سوریان، ٤ مەدەنی، و ٣٢ كەسیش لە گروپەكانی سەر بەڕژێمی پێشوو لەخۆ دەگرێت".
بەگوتەی سەرچاوەكانی كەناڵی ئەلجەزیرە غیاس دەلا ئەفسەرێكی سوپای پێشووی سوریا و نزیك لە ماهیر ئەسەدی برای بەشار ئەسەد لەگەڵ چەند ئەفسەرێكی دیكە سەرپەرشتی ئەو هێزە چەكدارانە دەكەن كە پێكیان هێناوە.
سەرچاوەكان دەڵێن ئەم هێزانە لەلایەن حیزبوڵای لوبنان و گروپە چەكدارەكانی عێراقەوە هاوكاری دارایی كراون و وڵاتی دەرەكیش پشتیوانیان دەكات.