وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاشکرایکرد، لە رۆژی شەممە 8ـی ئازارەوە، ئیدارەی وڵاتەکەی ئەو لێخۆشبوونەی هەڵوەشاندووەتەوە کە رێگە بە عێراق دەدات وزە (گاز و کارەبا) لە ئێران بکڕێت، ئەوەش لە چوارچێوەی هەڵمەتی "زۆرترین فشار"ـى دۆناڵد ترەمپە لە دژی تاران.
ئاوێنە: تامى بروس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا گوتى، "بڕیاری نوێنەکردنەوەی لێخۆشبوونەکە دوای ئەوەی ماوەکەی تەواو بووە، بەو واتایە دێت کە "رێگە نادەین ئێران لە هیچ ئاستێکدا بوژانەوەى دارایی و ئابووریی بەخۆوە ببینێت".
جەختی لەوەشکردەوە، "ئامانج لە هەڵمەتەکەی ترەمپ دژی ئێران بۆ کۆتاییهێنانە بە هەڕەشەی ئەتۆمیی تاران، کەمکردنەوەى توانا مووشەکییەکانی و راگرتنی لە پشتیوانی گرووپە تیرۆریستییەکان".
هەرچەندە عێراق وڵاتێکى دەوڵەمەندى وزەیە، بەڵام لە گاز و کارەبادا نەگەیشتووەتە خۆبژێوی و بۆ پڕکردنەوەى پێداویستییەکانى پشت بە ئێران دەبەستێت، بەگوێرەى مۆڵەتەکەى ئەمریکا، عێراق ساڵانە بە بەهاى 4 تاوەکو 6 ملیار دۆلار گازی لە ئێران دەکڕى.
بە گازى ئێران، عێراق هەشت هەزار مێگاوات کارەباى بەرهەمدەهێنا و 3 هەزار مێگاوات کارەباشى دەکڕى، لە پاش بڕیاری راگرتنی هەناردەی گاز و کارەبای ئێرانی بڕی 11 هەزار مێگاوات کارەبا کەمدەکات.
بەهۆی سزاکانی ئەمریکاوە بۆ سەر ئێران، بەغداد نەیدەتوانی پارەی کاش بە تاران بدات، بەڵکو بە رەزامەندیی واشنتن، دەیخستە هەژمارێکی بانکیی عێراقەوە و تەنیا بۆ مەبەستی مرۆیی، رێگە بە ئێران دەدرا بەکاریبهێنێت، لەوانەش بۆ کڕینی پێداویستییە پزیشکییەکان.
ترەمپ لە یەکەم بڕیارەکانیدا دوای گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی، یاداشتى "زۆرترین فشار"ـی بۆ سەر ئێران واژۆکرد، کە یەکێک لە ئامانجەکانى ئەوەیە داهاتى نەوتى ئێران سفر بکاتەوە.