موقتەدا سەدر، رێبه‌ری ڕه‌وتی نیشتمانی شیعە له‌باره‌ی دۆخی سویا هۆشداری ده‌داته ئیدارەی نوێی سوریا لە دوبارەکردنەوەی کردەوەکانی بەشار ئەسەد، ده‌ڵێت، "ناتوانم بێهەڵوێست بم لەسەر ئەوەی لە سوریا ڕودەدات لەڕوی لەسێدارەدان لە شەقامەکاندا".
ئاوێنە: موقتەدا سەدر ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه له هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی "X" باسی له‌وه‌كردوه، "دەبێت حکومەتی نوێ دوربکەوێتەوە لە توندوتیژی و تائیفەگەری بۆ ئەوەی تۆمەتبار نەکرێت بە داعش و تیرۆر".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه، "لەکاتێکدا پێشتر دەستوەردانم لە شۆڕشی سوریادا نەکردبو دژی دیکتاتۆر، بەڵام ناتوانم بێهەڵوێست بم لەسەر ئەوەی لە سوریا ڕودەدات لەڕوی لەسێدارەدان لە شەقامەکاندا".
موقتەدا سەدر جەختیشی کردەوە، "نابێت وڵاتانی دراوسێی سوریا لێدوان بده‌ن به ئاڕاسته‌یه‌ك كه ڕوداوه‌كان پەرەپێبده‌ن، پێویسته پرسەکە خراپتر نەبێت".
لە ڕۆژی پێنجشەممەوە ناوچەی کەناراوی سوریا شایەتی پێکدادانی نێوان هێزە ئەمنییەکان و چەکدارە دڵسۆزەکانی بەشار ئەسەد سەرۆکی پێشوی سوریا بوە کە بە "توندوتیژین" ڕوداو دادەنرێت لە دوای ڕوخانی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی ئه‌سه‌د لە 8ی کانونی یەکەمی ساڵی ڕابردوه‌وه.
ئه‌حمه‌د شه‌رع، سەرۆکی سوریا بۆ قۆناغی ڕاگوزه‌ر له په‌یامێكی ڤیدۆییدا جەختی لەوە کردەوە کە بەردەوام دەبێت لە ڕاوەدونانی ئەو کەسانەی کە بە پاشماوەی ڕژێمی کەوتو وەسفی کردون و دەیانگەیەننە دادگای دادپەروەرانە.