باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە رایگەیاند "دەبێت ڕێکخراوی تیرۆریستی پەکەکەو گروپەکانی سەر بەپەکەکە دەستبەجێو بەبێ مەرجی پێشوەختە چەکەکانیان دابنێن، تەنانەت چەکی خوێناویشیان ڕادەستی کۆماری تورکیا بکەن".
ئاوێنە: دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە لەنوسراوێکدا کە لەهەژماری تایبەتی خۆی بڵاویکردوەتەوە لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئاماژە بەوە دەکات بەیاننامەی ئاگربەستی پەکەکە بەیاننامەیەکی دروستو هاوسەنگو ورد نییە، ئەو دەڵێت بانگەوازی ٢٧ی شوباتی ئیمرالی بەڕوونی ڕێکخراوی تیرۆریستی پەکەکەو هەموو درێژکراوەو گروپەکانی دیکە پابەند دەکات بەچەکدانانو خۆهەڵوەشاندنەوە، ئەوەی کە یەپەگەو ڕێکخراوە تیرۆریستییە هاوشێوەکان بانگەشەی بێبەری خۆیان لەو بانگەوازە دەکەن، لۆژیکی نییەو دەبێت پابەند بن، سەردەمی توندوتیژی چەکداریو خیانەت خەریکە کۆتایی پێدێت".
باخچەلی ئاماژە بەوەش دەکات کە رێگە هەموار دەکرێت بۆ ئەوەی دەم پارتی ببێتە پارتێکی تورکیاو دەڵێت "ئەم سەدەیە تورکو تورکیایە، سەدەی ئاشتی و ئارامیو ئاسایشی نەتەوەییە لەکاتێکدا جیهان دەهەژێت، هەر لەبەر ئەم هۆکارەش دەبێت پەکەکەو ڕێکخراوە وابەستەکانی پابەندبن بەو بانگەوازە مێژووییەی ئیمرالی لە ٢٧ی شوباتی ٢٠٢٥دا راگەیاندراوە. پێویستە دەستبەجێ ئامانجی تورکیایەکی بێ تیرۆر بەدی بهێنرێت و تیرۆر لەژیانماندا بنبڕ بکرێت، ئەگینا هەر کەسێک چەکێکی نایاسایی هەڵگرتبێت قورسترین باج دەدات. "