ئەحمەد شەرع: رێگە بە هیچ هێزێكی دەرەكی و ناوخۆیی نادەین سوریا رابكێشێتە نێو شەڕی ناوخۆ
  2025-03-09       368       

ئەحمەد شەرع، سەرۆكی قۆناغی راگوزەری سوریا لەبارەی شەڕو پێكدادانەكانی ناوچە كەناراوییەكانی وڵاتەكە رایگەیاند، لێبوردە نابین بەرامبەر پاشماوەكانی رژێمی ئەسەد كە هەڵساون بە ئەنجامدانی تاوان بەرامبەر بە سوپاكەمان و "كوشتنی خەڵكی مەدەنی". دەشڵێت، رێگە بە هیچ هێزێكی دەرەكی و هیچ لایەنێكی ناوخۆیی نادەین سوریا رابكێشێتە نیو ئاژاوە یاخود شەڕی ناوخۆ.

ئاوێنە: ئەحمەد شەرع، ئەمشەو یەكشەممە، پەیامێكی ڤیدیۆیی لەبارەی روداوەكانی ناوچە كەناراوییەكانی سوریا بڵاوكردەوە.

ئەو وتی، ئیستا لەبەردەم مەترسییەكی نوێداین كە ئەویش هەوڵی پاشماوەكانی رژێمی پێشو و ئەو لایەنە دەرەكیانەی كە لەپشتیانە بۆ دروستكردنی ئاژاوەیەكی نوێ و راكێشانی وڵات بۆ نێو شەڕی ناوخۆ بە ئامانجی دابەشكردنی و تێكدانی سەقامگیری.

بەقسەی ئەحمەد شەرع، لە سەرەتای روداوەكاندا هێزە ئەمنییەكان هەوڵی پاراستنی ئاشتی كۆمەڵایەتی و رێگەگرتن لە حاڵەتەكانی تۆڵەكردنەوەیان داوە، بەڵام هێرشكراوەتە سەر ئەو هێزانەو لێیان كوژراوەو هەروەها هێرشیش كراوەتە سەر خەڵكی مەدەنی.

ئەحمەد شەرع وتیشی، لێبوردە نابین بەرامبەر بە پاشماوەكانی رژێمەكەی ئەسەد كە هەڵساون بە ئەنجامدانی تاوان لەدژی سوپاكەمان و دامەزراوەكانی دەوڵەت و كوشتنی هاوڵاتیانی مەدەنی و دروستكردنی فەوزا، تاكە بژاردە لەبەردەمیاندا، خۆبەدەستەوەدانەوە.

ئاماژەی بەوەشداوە، لێپرسینەوە لەسەر هەر كەسێك دەكەین كە لە رشتنی خوێنی هاوڵاتیانی مەدەنییەوە گلابێت و دەسەڵاتی قۆستبێتەوە بۆ بەدیهێنانی خواستە تایبەتەكان و روبەڕوی یاسای دەكەینەوە.

هێمای بۆ ئەوەش كرد، لیژنەیەكمان بۆ بەدواداچونی راستی روداوەكان پێكهێناوە تا هەموان بزانن كێ بەرپرسە لەو ئاژاوەو پیلانگێڕییانە.

وتیشی، پێكهێنانی لیژنەیەكی باڵاش بۆ پاراستنی ئاشتی كۆمەڵایەتی رادەگەیەنین كە لیژنەكە رادەسپێردرێت بۆ پەیوەندیكردن لەگەڵ خەڵكی ناوچە كەناراوییەكانی سوریا بۆ گوێ لێگرتنیان و پێشكەشكردنی پشتیوانی پێویست بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیرییان.

لە كۆتاییشدا جەختی كردەوە، رێگە نادەین هیچ هێزێكی درەكی یان لایەنێكی ناوخۆیی، سوریا رابكێشێتە نێو ئاژاوە یان شەڕی ناوخۆیی.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×