هیومان ڕایتس وۆچ: فشارەکان لەلایەن گروپەکانی داکۆکیکار لە مافی ژنان زیانەکانی یاسای باری کەسی عێراقی کەمکردەوە
  2025-03-10       186       

ئەمڕۆ ڕێکخراوی هیومان ڕایتس وۆچ ڕایگەیاند، هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسی عێراق کە لە 17ی شوباتی 2025ەوە لە دوای چەند مانگێک لە ململانێی یاسایی و سیاسی، کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، کە دەبێتەھۆی پێشێلکردنی مافەکانی ژنان و کچان بۆ یەکسانی لەبەردەم یاساکەدا، هەروەها عێراق ڕووبەڕووی مەترسی پێشێلکارییەکانی دیکەی دەکاتەوە، بەردەوامی فشار و داکۆکیکردن لەلایەن گروپەکانی داکۆکیکار لە مافی ژنان بەشێکی زیانەکانی هەموارکردنەکەی کەمکردەوە بە هێشتنەوەی بڕگەکانی کەمترین تەمەن بۆ هاوسەرگیری، سەرپەرشتیکردنی منداڵ و فرەژنی،  یاسا هەموارکراوەکە بڕگەی دیکەی تێدایە کە مەترسی لەسەر مافەکانی ژنان و کچان هەیە.

ئاوێنە: بەپێی یاسا نوێیەکە، لە کاتی ئەنجامدانی گرێبەستی هاوسەرگیری، هاوسەرەکان دەتوانن هەڵبژێرن کە ئایا یاسای باری کەسی ساڵی ١٩٥٩ یان "یاسای حوکمەکانی شەریعەت سەبارەت بە بابەتی باری کەسی" (یاساکە) کە لەلایەن پیاوانی ئایینی جەعفەری شیعە ئامادە دەکرێت، ژیانی هاوسەرگیری و جیابوونەوە و منداڵ و میراتیان بەڕێوەدەبات، بەڵام هاوسەرەکان مافی ئەوەیان نییە دواتر هەڵبژاردەکەیان بگۆڕن، ئەم ڕێکخستنە بە شێوەیەکی کاریگەر سیستەمی یاسایی جیاواز دروست دەکات بە مافی جیاواز کە بە مەزهەبە جیاوازەکان دراوە، ئەمەش مافی یەکسانی لەبەردەم یاسادا بۆ هەموو عێراقییەکان کە لە مادەی ١٤ی دەستووری عێراق و یاسای نێودەوڵەتی مافی مرۆڤدا هاتووە، تێکدەدات.

سارا سەنبار، توێژەری عێراق لە ڕێکخراوی هیومان ڕایتس وۆچ دەڵێت: "زۆر بێزارکەرە بۆمان کە دەبینین سەرکردەکانی عێراق وڵاتەکە پاڵدەنێن بۆ دواوە نەک پێشکەوتن لەسەر مافەکانی ژنان و کچان، هەرچەندە دەقی کۆتایی هەموارکردنەوەکە بابەتی گرنگ لەخۆدەگرێت، بەتایبەتی سەبارەت بە کەمترین تەمەن بۆ هاوسەرگیری، بەڵام ئەم گۆڕانکاریانە لەوە زیاتر ناکەن کە یاساکە لە ترسناکەوە بۆ زۆر خراپ بگۆڕن”.

ڕاشیگەیاند "لە دەقی کۆتایی هەموارکردنەکەدا هاتووە کە کەمترین تەمەن بۆ هاوسەرگیری لە یاساکەدا ناتوانێت لەگەڵ یاسای باری کەسیدا ناکۆک بێت، یاساکە تەمەنی یاسایی بۆ هاوسەرگیری بە ١٨ ساڵ، یان ١٥ ساڵ بە مۆڵەتی دادوەر و بەپێی “شایستەیی ئەو [واتە منداڵەکە] و توانای جەستەیی” دیاری دەکرێت،  ئەو بڕگەیەی لە دەقی کۆتاییدا هاتووە، نیگەرانییەکان کەم دەکاتەوە کە هەموارکردنەکە ڕێگەی بە کچان دەدا لە تەمەنی نۆ ساڵیدا هاوسەرگیری بکەن، بەڵام هێشتا لەگەڵ ستانداردی یاسایی نێودەوڵەتیدا ناکۆکە کە کەمترین تەمەن بۆ هاوسەرگیری دەبێت ١٨ ساڵ بێت.

بەپێی ئاماری سندووقی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان (یونیسێف)، 28%ی کچان لە عێراق پێش تەمەنی 18 ساڵی هاوسەرگیریان کردووە، هاوسەرگیری منداڵان کچان دەخاتە بەردەم مەترسی زیاتری توندوتیژی سێکسی و جەستەیی و دەرئەنجامە زیانبەخشەکانی  ھاوسەرگیری منداڵان تەندروستی جەستەیی و دەروونی و ڕەتکردنەوەی دەستڕاگەیشتنە بە خوێندن و دامەزراندن.

هەروەها دەقی کۆتایی بڕگەکانی ئێستای یاسای باری کەسی سەبارەت بە فرەژنی دەهێڵێتەوە، لە مادەی سێیەمی یاسای باری کەسیدا هاتووە کە فرەژنی تەنها بە ڕەزامەندی دادوەر ڕێگەپێدراوە، کە دەبێت دڵنیابێت لەوەی پیاوەکە دەتوانێت پشتگیری زیاتر لە ژنێک بکات و "پاساوی شەرعی" هەبێت.

هەموارکردنەکە سەبارەت بە سەرپەرشتیکردنی منداڵ دیاری دەکات کە ڕەنگە یاساکە "ئەو شتانە نەگرێتەوە کە لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی [منداڵەکە] لە سەرپەرشتیکردندا ناتەبایە"، و گەرەنتی مافی ئەو دایک و باوکە دەکات، ئەگەر ناکۆکی لە نێوان ژن و مێردێکدا دروست بوو سەبارەت بەوەی کە کام سیستەمی یاسایی دەبێت جێبەجێ بکرێت، دادوەر بەرژەوەندی هەردوو لایەن دیاری دەکات. لە ھەمواری پێشوودا بڕیاری مێردەکە لە پێشینەی خۆیدا بوو، ئەمەش پێشێلکردنی پابەندبوونەکانی عێراق بوو بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان بۆ بەرزڕاگرتنی مافی یەکسان بۆ ژنان.

ڕێکخراوی هیومان ڕایتس وۆچ ڕایگەیاندووە، باشترکردنی وەشانی کۆتایی یاسا هەموارکراوەکە بەڵگەیە لەسەر بەهێزی ڕێکخستن و داکۆکیکردن لەلایەن ژنانی عێراقییەوە، بەڵام هێشتا یاساکە پێشێلکردنی مافەکانی ژنان و کچان دەکات.

مادەی ١٤ی دەستووری عێراق، هەروەها یاسای نێودەوڵەتی مافی مرۆڤ، مافی یەکسانی لە بەردەم یاسادا بۆ هەموو عێراقییەکان زامن دەکات. یاسا هەموارکراوەکە بە دروستکردنی سیستەمی یاسایی جیاواز بۆ مەزهەبە جیاوازەکانی موسڵمان بنەمای یەکسانی لەبەردەم یاسادا تێکدەدات. فەقێ سوننە دژایەتی ئەم هەموارکردنەیان کرد و ئامادە نەبوون بەشداری لە داڕشتنی    یاسەکەدا بکەن، بۆیە تەنها مەزهەبی جەعفەری شیعە ئەو کارە دەکەن.

 هەموارکردنەکە هاوسەرگیریی تۆمارنەکراو "مارە کردن لای مەلا"' بە یاسایی دەکات، کە زیانەکانی لەلای هیومان ڕایتس وۆچ بە شێوەیەکی بەرفراوان بەڵگەی لەسەرە. هیومان ڕایتس وۆچ بۆی دەرکەوتووە کە هاوسەرگیریی تۆمارنەکراو کەلێنێک پێکدەهێنێت کە ڕێگە بە هاوسەرگیری منداڵان دەدات لە عێراق. بەپێی ئامارەکانی نێردەی هاوکاری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق، 22%ی هاوسەرگیرییە تۆمارنەکراوەکان کچانی خوار تەمەنی چواردە ساڵیان تێدابووە. ڕوون نییە کە بە یاساییکردنی هاوسەرگیری تۆمارنەکراو لە پراکتیکدا چ کاریگەرییەکی دەبێت.

هەروەها گروپەکانی مافی ژنان ترسیان لەوە هەیە کە پێدانی دەسەڵاتی گرێبەستکردن بە پیاوانی ئایینی، شەرعیەت بەو شتانە بدات کە پێی دەوترێت "هاوسەرگیری کاتی". لەم جۆرە هاوسەرگیریانەدا، پیاوی ئایینی گرێبەستی مارەیی بۆ ماوەیەکی دیاریکراو ڕێکدەخات، کە لە کاتژمێرێکەوە دەست پێدەکات تا چەند مانگێک. بەپێی گرێبەستەکە، هیچ کام لە هاوسەرەکان میرات وەرناگرن، هەروەها مەرج نییە هاوسەرەکە هیچ پاڵپشتییەکی هاوسەری بدات کاتێک گرێبەستەکە کۆتایی دێت. گروپەکانی داکۆکیکاری مافی ژنان ئەم هاوسەرگیریانەیان وەک ئامرازێک بۆ ئیستغلالکردنی سێکسی شەرمەزار دەکەن.

لە هەموارکردنەکەدا چوار مانگ مۆڵەت دەداتە تەریقەتی جەعفەری بۆ پەرەپێدان و پێشکەشکردنی پرۆژە یاساکە بە پەرلەمان، کە دەبێت پەسەندی بکات و لە ماوەی 30 ڕۆژدا بیخاتە بواری جێبەجێکردنەوە. ڕێکخراوی هیومان ڕایتس وۆچ ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەمەش بەو مانایەیە کە یاسادانەران و خەڵکی گشتی دەرفەتی پێداچوونەوە یان دەنگدانیان لەسەر پرۆژە یاساکە نابێت پێش ئەوەی ببێتە یاسا و چاودێریکردنی دیموکراسی لادەبرێت و دەسەڵاتی ناڕێژەیی بە دەسەڵاتدارانی ئایینی دەدرێت بۆ ئەوەی یاساکە دابنێن.

پەرلەمانی عێراق هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی لەگەڵ یاساکانی دیکەدا پەسەند کرد، لەوانە یاسای گەڕاندنەوەی موڵک و هەموارکردنەوەی یاسای لێبوردنی گشتی دووەم، بەیەکەوە لە 21ی 1 بە یەک دەنگدان، نەک دەنگدان لەسەر هەر یاسایەک بەجیا. دوای ئەوە ژمارەیەک لە ئەندامانی پەرلەمان سکاڵایان لەبەردەم دادگای باڵای فیدراڵی تۆمار کرد و مەحمود ئەلمەشهەدانی سەرۆکی پەرلەمانیان بە ناڕێکی ڕێکارەکان و پێشێلکردنی پرۆسەی دەنگدان تۆمەتبار کرد.

لە 11ی شوباتدا دادگای باڵای فیدراڵی بڕیاری 4ی شوباتی هەڵوەشاندەوە کە جێبەجێکردنی سێ یاساکە ڕاگرتبوو. دواتر عەبدوللەتیف ڕەشید سەرۆک کۆماری عێراق لە 13ی شوباتدا سێ یاساکەی پەسەند کرد و لە 17ی شوباتەوە کەوتنە بواری جێبەجێکردنەوە.

 ئەم هەموارکردنە پێشێلکردنی ڕێککەوتننامەی مافەکانی منداڵە، کە عێراق لە ساڵی 1994 پەسەندی کرد، بە یاسادانان بۆ هاوسەرگیری منداڵان، بەرکەوتنی کچان بە مەترسی هاوسەرگیری زۆرەملێ و پێشوەختە، وایان لێدەکات بەرەوڕووی دەستدرێژی سێکسی ببنەوە، هەروەها پێویستە بڕیارەکان سەبارەت بە منداڵان لە دۆسیەکانی جیابوونەوەدا لە بەرژەوەندی منداڵەکەدا بدرێن.

پێدەچێت ڕەشنووسی هەموارکردنەکە پەیمانی نێودەوڵەتی مافە مەدەنی و سیاسییەکان و پەیمانی نێودەوڵەتی مافە ئابووری و کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان پێشێل بکات بە زەوتکردنی مافەکانی بەشێک لە خەڵک لەسەر بنەمای ئایینەکەیان.

سارا سەنبار دەڵێت: کاریگەری دەرکردنی ئەم یاسایە بەرفراوان دەبێت، و پێدەچێت ڕەوتی کۆمەڵگەی عێراق بگۆڕێت لەسەر حیسابی سەربەخۆیی ژنان و کچانی عێراق و توانای بڕیاردانی خۆیان.
.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×