ئەحمەد شەرع دان بەوەدا دەنێت كە لە توندوتیژییەكانی ئەم دواییەی ناوچە كەناراوییەكانی سوریادا، چەندین پێشێلكاری و كردەوەی "تۆڵەسەندنەوە" ئەنجامدراون و رایدەگەیەنێت كە ئەو كردەوانە دەبنە هەڕەشە لەسەر ئەركەكەی بۆ یەكخستنی وڵات. دەشڵێت، دیدارم لەگەڵ مەزڵوم عەبدی دەبێت، چونكە چارەسەرمان لەڕێگەی دانوستانەوە دەوێت.
ئاوێنە: ئەحمەد شەرع، سەركۆ قۆناغی راگوزەری سوریا، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ئاژانسی رۆیتەرز، وتویەتی، هۆكاری دەستپێكردنی توندوتیژییەكان و شەڕ لەم چەند رۆژەی دواییدا لە ناوچە كەناراوییەكانی سوریا، یەكەیەكی سوپای پێشوی سوریا بوە كە سەر بە برایەكی ئەسەد و لایەنێكی بیانییە.
شەرع دانیشی بەوە داناوە كە لە وەڵامی ئەوەدا، لایەنی زۆر چونەتە ناوچەكەو كردەوەی "تۆڵەسەندنەوە" و "چەندین پێشێلكاری رویانداوە"
شەرع وتوشیەتی"ئێمە بەرگریمان لە ستەملێكراوان كردوە، قبوڵی ناكەین هیچ هیچ خوێنێك بە ستەم بڕێژرێت، یاخود بەبێ لێپرسینەوەو سزا تێپەڕێت، تەنانەت ئەگەر كەسانی نزیك لە ئێمەش ئەو كارەیان ئەنجام دابێت."
شەرع وتوشیەتی، دۆخەكە بوە "دەرفەتێك بۆ تۆڵەسەندنەوە"ی چەندین ساڵ ستەمی كپكراو، بەڵام لە ئێستادا دۆخەكە تاوەكو رادەیەكی زۆر كۆنترۆڵكراوە.
سەرۆكی راگوزەری سوریا ئاماژەی بەوەشداوە كە كۆمەڵكوژییەكان دەبنە كۆسپ لەبەردەم هەوڵەكانی بۆ یەكخستنی تەواوی سوریا.
لەبارەی پرسی كورد لە رۆژئاوای كوردستان و هەسەدە، ئەحمەد شەرع وتویەتی، چارەسەرمان لەڕێگەی دانوستانەوە دەوێت و لەگەڵ مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هەسەدە دیدارم دەبێت. بەبێ ئەوەی كات و شوێنی دیدارەكە ئاشكرابكات.